گیانلەدەستدان بە زەمینلەرزە لە توركیا و سووریا ١٨ هەزار كەسی تێپەڕاند

09-02-2023 01:36

پەرەگراف

گیانلەدەستدان بە زەمینلەرزە لە توركیا و سووریا ١٨ هەزار كەس و برینداربوون ٦٨ هەزار کەسی تێپەڕاند و هەڵمەتی گەڕان و ڕزگاركردنی خەڵك لە چوارەم ڕۆژدا بەردەوامە. ئەمڕۆ یەكەم كاروانی هاوكاریی نەتەوەیەكگرتووەكان گەیشتە ڕۆژئاوای كوردستان و سووریا، ڕووانگەی سووری ڕەخنە لە كەمیی هاوكارییەكان و دواكەوتنی دەگرێت.

ڕووانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ، توانج لە هاوكارییەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان دەدات و دەڵێت "سوپاس بۆ نەتەوەیەكگرتووەكان كە پاش ٨٠ كاتژمێر لە بومەلەرزە وێرانكەرەكە ژمارەیەك بارهەڵگر هاوكاریی نارد كە بە پەنجەكانی دەست دەژمێردرێن".

وەکوو ڕامى عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەرى ڕووانگەى سوورى دەڵێت "ژمارەى بارهەڵگرە هاوکارییەکانى نەتەوە یەکگرتووەکان شەش بارهەڵگرە و پێکهاتووە لە بڕێکى کەم پێداویستیى ژن و منداڵ".

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا، ڕایگەیاند "ژمارەی ئەو كەسانەی بەهۆی زەمینلەرزەوە گیانیان لەدەست داوە گەیشتووەتە ١٤ هەزار و ٤٠٠ كەس، ژمارەى بریندارەکانیش گەیشتووەتە ٦٣ هەزار و ٧٩٤ کەس".

بەپێی دواین ئاماریش كە ڕووانگەی سووری بڵاوی كردووەتەوە "سێ‌ هەزار و ٦٠٦ كەس لە سووریا گیانیان لەدەست داوە، هەزار و ٦١٤ کەس لە ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى ڕژێمى سووریا و هەزار و ٩٩٢ کەسیش لە ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى ئۆپۆزسیۆنى سووریا و هێزەکانى سووریاى دیموکرات. بەلاى کەمەوە چوار هەزار کەسیش بریندار بوون".

تا ئێستا سەرۆكایەتیی كارەساتی لەناكاو و فریاگوزاریی توركیا (ئافاد)، كۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنی گەڕان و ڕزگاركردنی لە هەردوو پارێزگای ڕووها و كیلیسی باكووری كوردستانی ڕاگەیاندووە.

سەرۆكایەتیی كارەساتی لەناكاو و فریاگوزاریی توركیا نیوەڕۆی ئەمڕۆ ڕایگەیاند "تیمەكانمان هەوڵەكانی گەڕان و رزگاركردنیان لە كیلیس تەواو كردووە و تیمەكانمان ڕەوانەی ئەو پارێزگایانە كردووە كە گەڕان تێیاندا بەردەوامە".

بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٦-٢-٢٠٢٣، زەمینلەرزەیەك کە سەرۆککۆمارى تورکیا ڕایگەیاند "گوڕەکەی ٧.٧ پلەی ڕێختەر بووە" و ناوەندەكەی شاری مەڕەش لە باكووری كوردستان بوو، باكووری كوردستان و توركیا و ڕۆژئاوای كوردستان و سووریای هەژاند.

سەرۆككۆماری توركیا ئەمڕۆ لە شاری دیلۆكی باكووری كوردستانەوە وتی "شەش هەزار و ٤٤٤ خانوو و باڵەخانە لە توركیا خاپوور بوون".

هەروەها ڕووانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ دەڵێت "هەزاران خانوو و باڵەخانە لە لە ١٢٠ شار، شارۆچكە و گوند"ی سووریا خاپوور بوون یان زیانی زۆریان پێ‌ گەیشتووە.

"بەهۆی كەمیی تیمە فریاگوزاری و پزیشكییەكان و پێداویستییەكانی فریاگوزاری، ژمارەی قوربانییان لە سووریا ڕوو لە هەڵكشانە، داوای بەهاناوەچوونی بەپەلەی نێودەوڵەتی دەكەین"، ڕووانگەی سووری وا دەڵێت.