سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕێککەوتنی ھەرێم و بەغداد لەسەر نەوت و بودجە ئاشکرا دەکات

09-02-2023 06:50
سەردانی مەسرور بارزانی بۆ بەغدادو کۆبوونەوەی لەگەڵ سوودانی، مانگی 1ی 2023.

پەرەگراف

سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی نەوت و یاسای بودجە گەیشتوونەتە رێککەوتن.

محەممەد شیاع سوودانی، لە چاوپێککەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی شەرقولئەوست، دەڵێت "دەستمان بە نەخشەڕێگایەک کردووە بۆچارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، لە پارەدارکردنی بودجەکانی رابردووەوە دەستمان پێکرد. رووبەڕووی بڕیاری دادگای فیدراڵی بووینەوە، دواتر روومانکردەوە رێکارێکی دیکە لە چوارچێوەی یاسا و دەسەڵاتەکانەوە".

"ئێمە لە سەروبەندی ناردنی بودجەین بۆ پەرلەمان، لەگەڵ هەرێمی کوردستان گەیشتووینەتە رێککەوتن لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی نەوت ودابینکردنی دارایی لە یاسای بودجەدا" سوودانی وادەڵێت.

سەرۆکوەزیرانی عێراق جەخت دەکاتەوە، دوای پەسەندکردنی بودجە کاردەکەن بۆ دەرکردنی یاسای نەوت و گاز، وتیشی "تەنیا هەرێمی کوردستان چاوەڕێی یاسای نەوت و گاز ناکات، بەڵکو هەموو پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانی نەوت چاوەڕێن، تاوەکو بزانن دەسەڵاتەکانیان چین و چی بۆ ئەوان دەگەڕێتەوە".

ناوەڕاستی مانگی ڕابردووش مەسرور بارزانی ناوەڕۆکی ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و فیدراڵی ئاشکرا کرد لەسەر پرسی نەوت و گازو وتی، ئەوەی لەسەر ڕێککەوتوون ئەوەیە هەموو ئەو فشارانەی لەسەر حکومەتی هەرێم هەن لە ئێستادا ڕادەگیرێن و چاوەڕێ دەکەن تادەرکردنی یاسای نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق.

سەرۆکی حکومەتی هەرێم بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی وت "حکومەتی عێراق پابەندە بە هەڵپەساردنی ڕێکارەکانی دادگا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی داهاتی نەوت و گازی هەرێم".

بەپێی کارنامەی کابینەکەی محەمەد شیاع سوودانی، پێویستە لە ماوەی شەش مانگدا یاسای نەوت و گاز دەربکرێت، ئەوەش وەک ڕێگاچارە بۆ کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد، مەسرور بارزانی وتی "شەش مانگمان هەیە بۆ دەرکردنی ئەو یاسایە، بەڵام نازانم واقیعییە یان نا، هیوادارم بە خێرایی جێبەجێ بکرێت".

سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئەوەش دەخاتەڕوو، هەمیشە دڵنیاییان داوە بە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت و بازرگانانی نەوت کە حکومەتی هەرێم پابەندە بە دانەوەی قەرزەکانی ئەوانەوە، وتی "ئەگەر ڕێککەوتن لەگەڵ بەغداد ئەنجام بدرێت حکومەتی هەرێم پەلە دەکات لە پێدانی شایستەی دارایی کۆمپانیاکان و کۆتایی بە چاوەڕوانییەکانیان دەهێنێت".

ناوەڕاستی شوباتی ساڵی ڕابردوو، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستانی بە نادەستووری لە قەڵەمداو داوایكرد نەوتی ھەرێم بخرێتە ژێر دەستی بەغداد.

حكومەتی هەرێمی كوردستان چەندین جار ئەو بڕیارەی رەتكردووەتەوە و ئامادەنییە جێبەجێی بكات.

لە دوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی، وەزارەتی نەوتی عێراق چەند ڕێوشوێنێكی گرتەبەر، لەوانەش ھۆشداریدان بە كۆمپانیا جیھانییەكان و گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی لە دژی چەند كۆمپانیایەكی نێودەوڵەتی خزمەتگوزاریی نەوت كە لە ھەرێم كاردەكەن، بەڵام ئەو فشارانە کاریگەییان بۆسەر کەرتی نەوت و گازی هەرێم نەبووە.