ئەمریکا: درێژە بە كاركردن دەدەین لەگەڵ عێراق بۆ پتەوكردنی ئابورییەکەی و سەربەخۆیی وزە

10-02-2023 12:59
دیداری نێوان فوئاد حسێن و ئەنتۆنی بلینکن، ٩-٢-٢٠٢٣ وێنە؛ تویتەری بلینکن.

پەرەگراف

شاندی باڵای عێراق لە واشنتن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکاو بەرپرسانی وەزارەتی گەنجینە کۆبوونەوە، دۆخی ئابوری و بەھای دۆلارو پرسی وزەیان تاوتوێ کرد، ئەمریکا جەخت لە پشتیوانیی عێراق دەکاتەوە.

ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەتویتێكدا دەڵێت، لەگەڵ فوئاد حسێن جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرۆكایەتی یەكەم لیژنەی هەماهەنگی باڵایکرد كە تایبەتە بە هاوكاری ئابوریی لەچوارچێوەی ڕێككەوتنی ستراتیژی لە نێوان ھەردوو وڵات، "درێژە بە كاركردن دەدەین لەگەڵ حكومەتی عێراق بۆ پتەوكردنی ئابوریی عێراق و سەربەخۆیی وزە".

یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی سەردانی شاندەکەی عێراق بەھای دۆلارە کە بەرزبووەتەوەو حکومەتی عێراقی تووشی گرفت کردووە، واشنتن ھۆشداریی بە عێراق داوە کە دۆلار دەبرێتە دەرەوە بۆ وڵاتانی دراوسێ، ھەربۆیە ڕێکاری نوێی داناوە بۆ مامەڵەو حەواڵەکردنی دۆلار، ئەوەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بازاڕی دراوی عێراق ھەبوو.

ماوەی دوو مانگە بازاڕی دراوی عێراق ناسەقامگیرەو سەرەتای ئەم مانگە بەھای دۆلار ژمارەی پێوانەیی لە مێژووی خۆیدا تۆمارکردو ١٠٠ دۆلار گەیشتە سەرووی ١٧٥ ھەزار دینار.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت، شاندی عێراق لەگەڵ واڵی ئەدیمو جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمریكاو ئەلیزابیس یاریدەدەری وەزیری گەنجینەو فەرمانبەرە باڵاكانی وەزارەت كە تایبەتمەندن بە عێراق و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست كۆبوونەتەوە.

"وەفدەكەی عێراق ئاماژەی بەڕێوشوێنەكانی حكومەت و بانكی ناوەندی كردووە لەپێشخستن و چاكسازیكردن لە سیاسەتی نەختینە، لەگەڵ بایەخی لەپێشینەی حكومەت بۆ پتەوكردنی وەبەرهێنان و بازرگانی و هەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی وزەو ڕوبەڕوبونەوەی ئاستەنگەكانی ئێستا لەهەردوو ئاستی نەختینەو بانیكدا" وەزارەتی دەرەوەی عێراق وادەڵێت.

وەزارەتەکە دەشڵێت، ھەروەھا شاندەکە باسی ڕەنگدانەوەی ڕێوشوێنەكانی چاكسازی سیستمی بانكی كردووە لەڕێی ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی و سپیكردنەوەی پارە، لەگەڵ گرنگی بەردەوامبونی كۆبونەوە هونەرییەكان لەنێوان پسپۆڕانی ئەو بوارەدا.