گیانلەدەستدان بە بومەلەرزە لە توركیا و سووریا گەیشتە نزیكەی 26 هەزار كەس

11-02-2023 01:01

پەرەگراف

پرۆسەی گەڕان و ڕزگاركردن لەژێر داروپەردووی خانوو و باڵەخانە داڕووخاوەكان لە ئەنجامی بومەلەرزە بەهێزەكەی توركیا بەردەوامە، ئاماری قوربانییانیش لە بەرزبوونەوەدایە و گیانلەدەستدان لە توركیا و سووریا بۆ نزیكەی 26 هەزار كەس بەرز بووەوە.

سەرۆكایەتیی ئیدارەدانی كارەسات و باری لەناكاوی توركیا (ئافاد) ڕایگەیاند "تاكو كاتژمێر 8:30ی بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، ژمارەی ئەو كەسانەی بەهۆی بومەلەرزەوە گیانیان لەدەست داوە، گەیشتووەتە ٢٠ هەزار و ٦٦٥ كەس، ٨٠ هەزار و ٨٨ كەسیش ڕزگار كراون".

تیمەكانی گەڕان و ڕزگاركردن لە پارێزگای مەڕەش لە باكووری كوردستان، توانییان ژنێكی تەمەن ٧٠ ساڵان كە بۆ ماوەی ١٢٢ كاتژمێر لەژێر داروپەردووی باڵەخانەیەكی داڕووخاودا گیری خواردبوو، ڕزگار بكەن.

هەروەها تیمەكانی بەرگریی شارستانی شارەوانیی بورسا كە لە ئێستادا لە شارۆچكەی ئۆنئیكی شوبات لە هەوڵی بەهاناوەچوون و ڕزگاركردنی ئەو كەسانەن كە لەژێر داروپەردووی باڵەخانە داڕووخاوەكاندا گیریان خواردووە، توانییان شوێنی گەنجێكی سووری تەمەن ٣٤ ساڵ دیاری بكەن كە لەڕێگەی تەلەفۆنەكەیەوە پەیوەندی كردبوو و داوای بەهاناوەچوونی كردبوو.

تیمەكان توانییان دوای ١١٧ كاتژمێر لە ڕوودانی بوومەلەرزەكە، ئەو گەنجە بە زیندوویی ڕزگار بكەن و و دوای دەرهێنانی لەژێر داروپەردوودا گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە.

سەرۆكایەتیی ئیدارەدانی كارەسات و باری لەناكاوی توركیا ئاماژەی بەوە داوە كە لە دوای ئەو دوو بوومەلەرزەی كە بە گوڕەكانی ٧،٧ و ٧،٦ پلە شارۆچكەكانی پازارجك و ئەلبیستان لە پارێزگای مەڕەش هەژاند، هەزار و ٨٩١ پاشلەرزەی دیكە ڕوویان داوە.

قوربانییەكانی زەینلەرزە لە پارێزگاكانی مەڕەش، عەنتاب، ئورفا، دیاربەكر، ئادانا، ئادیامان، عوسمانییە، هاتای، كلیس و ماڵاتیا بوون كە زۆرینەی هەرەزۆریان دەكەونە باكووری كوردستانەوە.

سەبارەت بە ئاماری قوربانییەكان لە ڕۆژئاوای كوردستان و شارەكانی دیكەی سووریا، ڕووانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ نیوەڕۆی ئەمڕۆ ڕایگەیاند "پێنج هەزار و 189 كەس گیانیان لەدەست داوە و ئەگەر هەیە ژمارەكە بگاتە حەوت هەزار كەس".

وەكوو ڕووانگەی سووری بڵاوی كردووەتەوە، ئەو كەسانەی گیانیان لەدەست داوە "دوو هەزار و 49" كەسیان لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی سووریا بووە و "سێ‌ هەزار و 140" كەسیشیان لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سووریای دیموكرات و هێزە ئۆپۆزیسیۆنەكانی دیكە بووە. هەروەها "975" هاووڵاتیی سووری لە توركیا گیانیان لەدەست داوە.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا، دەڵێت "زیاتر لە ١٤١ هەزار كارمەند لە ١٠ پارێزگا ئەركەكانیان ڕادەپەڕێنن كە لەنێوانیاندا ئەو كارمەندانەش هەن كە لە دەرەوەی وڵاتەوە هاتوون".

بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە 6-2-2023، زەمینلەرزەیەك بە گوڕی 7.7 پلەی ڕێختەر كە ناوەندەكەی شاری مەڕەش لە باكووری كوردستان بوو، باكووری كوردستان و توركیا و ڕۆژئاوای كوردستان و سووریای هەژاند.

لە توركیا زیاتر لە شەش هەزار خانوو و باڵەخانە لە 10 پارێزگا و لە سووریاش هەزاران خانوو و باڵەخانە لە 120 شار، شارۆچكە و گوند خاپوور بوون یان زیانی زۆریان پێ‌ گەیشتووە.