وەزارەتی سامانە سروشتییەکان: بە تووندی ئەوە ڕەت دەکەینەوە کە گوایە نەوتی هەرێم بە قاچاغ بە ئیسرائیل دەفرۆشرێت

11-02-2023 02:21

پەرەگراف

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕەتی دەکاتەوە نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی تانکەرەوە بە قاچاغ ببرێتە دەرەوەو بە ئیسرائیل بفرۆشرێت.

وەزارەتەکە لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەڵێت "لەم چەند رۆژەی دواییدا چەند كەسێك لەدەزگا میدیا عێراقییەكانەوە بانگەوازی ئەوە دەكەن گوایە نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی تانكەرەوە بەقاچاغ ئەبرێتە دەرەوەو بە وڵاتی ئیسرائیل دەفرۆشرێت. ئێمە لەوەزارەتی سامانە سروشتییەكان بەتووندی ئەم بانگەوازە جەواشەكارییانە رەت دەكەینەوەو بە هەوڵی ناحەزانی سەقامگیری و رێكەوتنی نێوان عێراق و كوردستان هەژماری دەكەین".

"هەموو ئەم لێدوان و بانگەوازانە هیچ بنەما و راستییەكی تێدا نییە، لەكاتێكدایە هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدراڵ سەرقاڵی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانن، ئەم بانگەوازە جەواشەکارییانە تەنیا ئامانج لێی تێكدانی ئەو هەلە زێڕینەیە كە لەدوای پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق رەخساوە بۆ چارەسەركردنی بنەڕەتی كێشەكان" سامانە سروشتییەکان وادەڵێت.

وەزارەتەکە دووپاتی دەکاتەوە کە نەوتی هەرێم بە تەواوی لە رێگای بۆری و لە ژێر وردبینی کۆمپانیای بێلایەنی (دیلۆیتی) نێودەوڵەتیی هەناردەی دەکات و هەموو کاتێک ڕێز لە دەستووری عێراقی فیدراڵ و یاساكان دەگرێت.