شاندی حكومەتی هەرێم بەبێ‌ یەكێتی گەیشتە بەغداد

11-02-2023 09:31

پەرەگراف

ئەمشەو شاندێكی حكومەتی هەرێم بەبێ‌ یەكێتی گەیشتە بەغداد و سەبارەت بە ژمارەیەك پرس گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی عێراق دەكات.

جووتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێم، ڕایگەیاند "شاندەكە دەربارەی دوایین پێشهاتەكانی پەیوەست بە یاسای بوودجە، یاسای نەوت و گاز، ماددەی 140 و قەرەبووكردنەوەی خەڵكی هەرێمی كوردستان لە بەرانبەر سیاسەتەكانی ڕژێمی پێشووی عێراق دژیان، گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی فیدراڵ دەكات".

شاندەكە لەلایەن ئاوات شێخ جەناب، وەزیری داراییەوە سەرۆكایەتیی دەكرێت و هەریەك لە كەمال محەمەد، وەزیری كارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت و ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم و جووتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێم ئەندامن تێیدا.

هەر لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم تا وەزیرەكانی یەكێتی، هیچ كامیان ئەندامی شاندەكە نین، ئەوەش بەهۆی ئەو ناكۆكییانەوەیە كە ماوەیەكە لە نێوان پارتی و یەكێتیدا هەیە.

وتەبێژی حكومەتی هەرێم دەڵێت "شاندەكە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئەو بابەتانە چەند ڕۆژێك لە بەغداد دەبێت".