بانکی ناوەندی زیاتر لە سێ هێندەی ڕۆژانی ڕابردوو دۆلاری خستەڕوو و بەهای دۆلار دابەزی

12-02-2023 11:42

پەرەگراف

بانکی ناوەندی عێراق جیاواز لە ڕۆژانی ڕابردوو کە کەمتر لە ١٠٠ ملیۆن دۆلاری دەفرۆشت، ئەمڕۆ ٣٠٥ ملیۆن و ٤٠٦ هەزار دۆلاری خستەڕوو و ئەوەش نرخی دۆلاری دابەزاند.

بەو خستنەڕووە، بەهای ١٠٠ دۆلار لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی هەرێمی کوردستان لە ١٥١ هەزار دینارەوە بۆ ١٤٨ هەزار دینار دابەزی.

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ٧ی ئەم مانگە بڕیارێکی بانكی ناوەندی پەسەندكرد بۆ دەستکاریکردنی بەهای دۆلار بە جۆرێک هەر دۆلارێکبەرامبەر ١٣٠٠ دینار جێگیر بکرێت و بەو نرخە بانکی ناوەندیی دۆلار لە وەزارەتی دارایی دەکڕێت.

ھەر بە مەبەستی دابەزاندنی بەھای دۆلار، شاندی باڵای عێراق لە واشنتن لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکاو بەرپرسانی وەزارەتی گەنجینەو چەندین بانک و کۆمپانیاو وەبەرھێنەری ئەمەریکی ئەنجامدا، دۆخی ئابوری و بەھای دۆلارو پرسی وزەیان تاوتوێ کرد، ئەمریکاش جەختی لە پشتیوانیی ئابوریی عێراق کردەوە.

یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی سەردانی شاندەکەی عێراق بەھای دۆلار بوو کە بەرزبووەتەوەو حکومەتی عێراقی تووشی گرفت کردووە، واشنتن ھۆشداریی بە عێراق داوە کە دۆلار دەبرێتە دەرەوە بۆ وڵاتانی دراوسێ، ھەربۆیە ڕێکاری نوێی داناوە بۆ مامەڵەو حەواڵەکردنی دۆلار، ئەوەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بازاڕی دراوی عێراق ھەبوو.

ماوەی دوو مانگە بازاڕی دراوی عێراق ناسەقامگیرەو سەرەتای ئەم مانگە بەھای دۆلار ژمارەی پێوانەیی لە مێژووی خۆیدا تۆمارکردو١٠٠ دۆلار گەیشتە سەرووی ١٧٥ ھەزار دینار.

وەفدەكەی عێراق لە ئەمریکا ئاماژەی بەڕێوشوێنەكانی حكومەت و بانكی ناوەندی كردووە لەپێشخستن و چاكسازیكردن لە سیاسەتی نەختینە، لەگەڵ بایەخی لەپێشینەی حكومەت بۆ پتەوكردنی وەبەرهێنان و بازرگانی و هەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی وزەو ڕوبەڕوبونەوەی ئاستەنگەكانی ئێستا لەهەردوو ئاستی نەختینەو بانیكدا.

ھەروەھا شاندەکە باسی ڕەنگدانەوەی ڕێوشوێنەكانی چاكسازی سیستمی بانكی كردووە لەڕێی ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی و سپیكردنەوەی پارە، لەگەڵ گرنگی بەردەوامبونی كۆبونەوە هونەرییەكان لەنێوان پسپۆڕانی ئەو بوارەدا.