پەرەگراف
شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق سەبارەت بە مەلەفی نەوت و وزە كۆبوونەوە. وەزارەتی نەوتی عێراق جەخت دەكاتەوە كە سوورە لەسەر بەڕێوەبردنی مەلەفی نەوت بەپێی دەستوور و یاسا كارپێكراوەكان. سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمیش دەڵێت "كۆبوونەوەمان لە كەشێكی ئەرێنیدا كۆتایی هات".
ئەمڕۆ شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لەیس شاهر، بریكاری وەزارتی نەوت بۆ كاروباری دابەشكردن و ژمارەیەك بەرپرسی وەزارەتەكە كۆبووەوە.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "لە كۆبوونەوەكەدا كە لە چوارچێوەی زنجیرە دیدارەكان تاوتویكردن و پێداچوونەوە بە ژمارەیەك پرسی هاوبەش بەتایبەتی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان ناوەند و هەرێم ئەنجام دراوە، دۆسیەی نەوت و وزە تاوتوێ كراوە".
بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، وەزارەتی نەوتی عێراق جەختی كردووەتەوە لەسەر ئەوەی كە "وەزارەتی نەوت پابەندبوونی خۆی بۆ بەڕێوەبردن، پەرەپێدان، گەشەپێدان و پاراستنی سامانی نیشتمانی بەپێی دەستوور، یاسا و ڕێنماییە كارپێكراوەكان دووپات دەكاتەوە، بەشێوەیەك كە سوودەكەی بۆ سەرجەم پێكهاتەكانی گەلی عێراق بێت".
هەر سەبارەت بە كۆبوونەوەكە، ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، دەڵێت "لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆمان دەربارەی ئامادەكردنی ڕەشنووسی یاسای نەوت و گاز كرد و پێشنیارەكانی حكومەتی هەرێممان لەسەر ئەو پرۆژەیاسایە پێشكەشی وەزارەتی نەوتی عێراق كرد".
"هەر لە كۆبوونەوەكەدا، بڕیار درا درێژە بە كۆبوونەوەكان بدرێت تا دەگەین بە ڕێككەوتنێكی هاوبەش و ڕۆژی یەكشەممەی داهاتوو دیاری كرا بۆ كۆبوونەوە"، ئومێد سەباح وا دەڵێت.