فڕۆكەخانەی هەولێر دۆلار بە نرخی بانكی ناوەندی دەداتە گەشتیاران

13-02-2023 03:23

پەرەگراف

لەمڕۆوە لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ١٠٠ دۆلار بە ١٣٢ هەزار دینار بە گەشتیاران دەفرۆشرێت. بەپێی بڕیارەكە چەند مەرجێك بۆ گەشتیارەكان دانراوە و گەشتكردن بۆ ژمارەیەك وڵاتیش بڕیارەكە نایگرێتەوە.

فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لە ئاگەدارییەكدا بۆ ئەو گەشتیارانەی كە لە ڕێگای فڕۆكەخانەكە گەشتی دەرەوەی وڵات دەكەن، دەڵێت "لەمڕۆ دووشەممەوە ١٣-٢-٢٠٢٣، بڕیار درا بە فرۆشتنی دۆلار لە نووسینگەی (RT)ی بانكی فڕۆكەخانە بە هەمان نرخی بانكی ناوەندی".

بەپێی زانیارییەكان، بانكی ناوەندی بە ١٣٠ هەزار دۆلار لە وەزارەتی دارایی دەكڕێت و بە ١٣١ بە بانك و كۆمپانیاكانی دەفرۆشێتەوە، ئەوانیش بە ١٣٢ هەزار بە هاووڵاتیانی دەفرۆشن، واتە هەر ١٠٠ دۆلارێك بە ١٣٢ هەزار دینار بە گەشتیار دەفرۆشرێت و فڕۆكەخانەكەش دەڵێت "هەر گەشتیارێك دەتوانێت حەوت هەزار دۆلار (٧٠گەڵا) بكڕێت".

مەرجەكان بۆ گەشتیاران بریتین لە هەبوونی پاسەپۆرت، هەبوونی تیكتی گەشتكردن، تەواوكردنی بۆردین و گەشتیار پێویستە تەمەنی لە سەرووی ١٨ ساڵەوە بێت.

فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەڵێت "بەپێی بڕیاری بانكی ناوەندی، گەشتیار لە كاتی گەشتكردن بۆ ئەم وڵاتانە (ئێران، سووریا، لوبنان، كۆریای باكوور) لەم بڕیارە سوودمەند نابێت".

هەروەها هەر گەشتیارێك لە مانگێكدا تەنیا یەك جار دەتوانێت لەم بڕیارە سوودمەند ببێت.