پەرەگراف
وتەبێژی حكومەتی هەرێم دەڵێت "شاندی حكومەتی هەرێم ئەمڕۆ و دوێنێ سێ كۆبوونەوەی گرنگی لە بەغداد ئەنجام دا و ئەنجامی باشی هەبووە، بەڵام هێشتا چاوەڕێین لەسەر ئەو خاڵانەی جێی ناكۆكین، بگەینە لێكتێگەیشتنی هاوبەش".
جووتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ فەرمانگەی میدیا و زانیاری وتی "كۆبوونەوەی یەكەم لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق بوو، كە باس لە بنەما سەرەكییەكانی یاسای نەوت و گاز كرا".
جووتیار عادل وتیشی "ئەمڕۆ شاندی حكومەتی هەرێم لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار كۆبووەوە هەبوو بۆ داڕشتنی دوایین خاڵەكانی بوودجە عێراق بۆ ساڵی 2023، گفتوگۆ لەسەر تەوەرە سەرەكییەكان كراوە و لێك تێگەیشتنی باش هەبوو".
وەكوو وتەبێژی حكومەتی هەرێم باسی دەكات، شاندی حكومەتی هەرێم سەردانی دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عێراقی كردووە بۆ "باسكردن لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی هەماهەنگیی نێوان هەردوولا سەبارەت بە تەعریفەی گومركی و هەماهەنگی باشتر".
شەوی 11ی ئەم مانگە شاندێكی حكومەتی هەرێم بەبێ یەكێتی گەیشتە بەغداد. شاندەكە پێكهاتوون لە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و كەمال محەمەد، وەزیری كارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت و ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم و جووتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێم.
دوێنێ وەزرەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند كە لە كۆبوونەوە لەگەڵ شاندی حكومەتی هەرێم جەختی كردووەتەوە كە سوورە لەسەر بەڕێوەبردنی مەلەفی نەوت بەپێی دەستوور و یاسا كارپێكراوەكان. سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمیش وتی "كۆبوونەوەمان لە كەشێكی ئەرێنیدا كۆتایی هات".