وەزارەتی سامانە سروشتییەکان: دابەشکردنی نەوت لە دەوروبەری شارەکان دەستیپێکرد

15-02-2023 01:21

پەرەگراف

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕایگەیاند، دابەشکردنی نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەکان کۆتاییهات و زیاتر لە 64 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەسەر 321 هەزار و 138خێزان دابەشکرا.

وەزارەتەکە دەڵێت "دوای بە کۆتاییهاتنی ناوچە شاخاوییەکان، هەنگاوی دووەمی دابەشکردنی نەوتی سپی لە ناوچەکانی دەوروبەر دەستیپێکرد و تا ئێستا نزیکەی 2 ملیۆن لیتر بەسەر زیاتر لە 8 هەزار و 500 خێزاندا دابەشکراوە و پرۆسەکەش بەردەوامە".

ئەوە لەکاتێکدایە لە هەرێمی کوردستان ملیۆنێک و 257 هەزار خێزان هەن و ٣٢١هەزاریان لە ناوچە شاخاوییەکانن.

نەوتەکەی حکومەتی هەرێم ٢٠٠ لیتری بە ١٠٣ هەزارو ٥٠٠ دینار دەدرێت بە خەڵک، ئەو نرخە  ناڕەزایی لێکەوتەوەو لە هەندێک شوێن خۆپیشاندانی لە دژ کرا، هەروەها پێوانی نەوتەکە بە دارو کلکە ماسیحە بەهۆی نەبوونی عەدادوە لە چەند ناوچەیەک گرژیی لێکەوتەوە لە نێوان خەڵک و تانکەرەکانی دابەشکردنی نەوت.

بەپێی بەدواداچونی پەرەگراف، لە زستانی 2018ـەوە زۆرینەی دانیشتوانی هەرێم بە تایبەت لەناو شارە گەورەكاندا، نەوتی سپی حكومییان بەرنەكەوتووە و بۆ ئەمساڵیش هیچ پلانێك نییە تا هەموو خەڵکی کوردستان لێی سودمەندبن.