كۆمەڵگەی تایبەت بە ئاڵوگۆڕی چەك لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان دروست دەكرێت

15-02-2023 02:49
چەك لە بازاڕی چەكفرۆشانی هەولێر. وێنە؛ سەفین حەمید/ئەی ئێف پی

پەرەگراف

بەپێی ڕێنماییەكی وەزارەتی ناوخۆ، كۆمەڵگەی تایبەت بە ئاڵوگۆڕی چەكی ئاگرین لەژێر چاودێریی حكومەتدا لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان دروست دەكرێت، ئەوەش لەپێناو ڕێكخستنی "كڕین و فرۆشتن و چاككردنەوەی چەك و شوێنی ڕاهێنان لەسەر چەك و سەنتەری مەشقی كارمەندانی كۆمپانیای ئەمنی".

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێم دەڵێت، ئەو ڕێكارە بە مەبەستی "ڕێكخستنی بواری چەك و بەسیستەمكردنی بازاڕەكانی بازرگانیی چەك و ڕێكخستنی كاری كۆمپانیا ئەمنی و ڕاهێنەرییەكانی ئەو بوارەیە، بۆ دڵنیابوونەوە لە جێبەجێبوونی یاسای چەك و یاسای كۆمپانیا تایبەتییە ئەمنییەكان".

فەرمانگەكە ئاماژەی بەوە كردووە "ئەو ڕێنماییە تایبەتمەندییە گرنگەكانی كۆمەڵگەی چەكفرۆشی و مەشق و ڕاهێنان بەپێی ستانداردەكانی ڕووبەر و بیناسازی و بنەماكانی سەلامەتی بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان دیاری دەكات".

هەروەها كۆمەڵگەكە بە سیستەمێكی ئەلیكترۆنی بە وەزارەتی ناوخۆوە دەبەسترێتەوە و زانیارییەكانی تایبەت بە كڕین و فرۆشتنی چەك و ڕاهێنان و مەشقپێكردنی كارمەندی كۆمپانیای ئاسایشپارێز، لەژێر چاودێریی وەزارەتی ناوخۆدا دەبن.

"لە ڕێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆدا، ڕەچاوی مەرجی تایبەتمەندیی ئەو كۆمەڵگانە لە ڕووی ڕووبەر، بینا، سەلامەتیی ئەمنی، خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەكان، ڕووبەری سەوزایی، كافتریا و شوێنی ڕاگرتنی ئۆتۆمبێلیان بۆ كراوە، كە بە هاوبەشیی كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت بەڕێوە دەبرێن"، فەرمانگەی میدیا و زانیاری وا دەڵێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێم جەخت دەكاتەوە كە "ئامانج لەو ڕێنماییە، لەلایەكەوە جڵەوكردن و ڕێكخستنی كڕین و فرۆشتنی چەكە بە ڕێگەی یاسایی و قەدەغەكردنی بەكارهێنانی چەكە لە دەرەوەی یاسا؛ لە لایەكی دیكەشەوە حكومەت دەیەوێت چالاكییە ئەمنییەكانی كۆمپانیاكانی پاراستنی ئاسایش بە شێوەیەك ڕێك بخات كە بەپێی پێوەرە درووستە نێودەوڵەتییەكان و لەژێر چاودێریی حكومەتدا بن".