مانگانە ملیارێک دینار بۆ تەواوکردنی ڕێگای دەربەندیخان ـ کەلار خەرج دەکرێت

15-02-2023 07:56
پڕۆژەی بە دووسایدکردنی ڕێگای کەلار-سلێمانی.

پەرەگراف

لەپێناو بەردەوامیی کارکردن بۆ تەواوکردنی ڕێگای دەربەندیخان-کەلار کە بەشێکە لە ڕێگای گەرمیان-سلێمانی و بەڕێگای مەرگ ناسراوە، بڕیاردرا مانگانە بڕی ملیارێک دیناری بۆ تەرخان بکرێت.

وەزارەتی دارایی ھەرێم ڕایگەیاند "لەسەر ڕاسپاردەی وەزیری دارایی، بەڕێوەبەری بانکی ناوەندیی هەرێم لە سلێمانی بڕیاری دا لەم قۆناغەدا مانگانە بڕی یەک ملیار دینار بەشێوەی چوار سلفە بۆ کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەی دووسایدکردنی ڕێگای دەربەندیخان ـ کەلار خەرج بکرێت، تا کارەکانی پڕۆژەکە بەردەوام بێت".

ڕێگای سلێمانی - دەربەندیخان - كەلار بەهۆی خراپییەوە بە "ڕێگای مەرگ" ناسراوە و ڕۆژانە ڕووداوی هاتوچۆ تێیدا ڕوو دەدات. چەندین جاریش چالاكان و هاووڵاتیانى دەربەندیخان و كەلار خۆپیشاندان و مانگرتنیان بۆ تەواوکردنی بە دووسایدکردنی ڕێگاكە ئەنجام داوە.

ڕۆژی ١-١٠-٢٠٢٢، لە ڕووداوێكی هاتوچۆدا لەسەر ڕێگای دەربەندیخان، پێنج پێشمەرگە گیانیان لەدەست دا کە پاش تەواوكردنی دەوامیان لە گەرمیانەوە بۆ ماڵەوە گەڕاونەتەوە.

بەرلەو ڕووداوی هاتووچۆیە گرووپێك لە چالاكان لە كەلارەوە بە پێ چوونە سلێمانی و بۆ ماوەی 14 ڕۆژ لەبەردەم نووسینگەی پەرلەمانی كوردستان لە سلێمانی مانیان گرت. ئەو چالاكانە (كەمپینی فشار بۆ تەواوكردنی ڕێگای كەلار - سلێمانی)یان ڕاگەیاند، بەڵام دواجار ئەویش بێ‌ ئەنجام كۆتایی هات و چالاكان بە تووڕەییەوە گەڕانەوە بۆ گەرمیان.

ھاوکات چالاکانی مەدەنی لە شوێنی گیانلەدەستدانی پێنج پێشمەرگەکە لەسەر ڕێگای گەرمیان-سلێمانی گردبوونەوەو چالاکییەکی ناڕەزاییان ڕێکخست، بە مەبەستی فشارکردن لە پێناو تەواوکردنی بە دووسایدکردنی ڕێگاکە.

بەپێی ئامارێک کە چالاکوانان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا خستیانەڕوو، لە ماوەی ٩ی ساڵی ڕابردوودا کە پڕۆژەی بە دووسایکردنی ڕێگاکەدەستی پێکردووەو هێشتا تەواو نەبووە، "٧٥٥ هاووڵاتی لەو ڕێگایە گیانیان لەدەستداوەو ٤٥٠٠ی دیکە برینداربوون و زیانی ملیۆنان دۆلاربە ئۆتۆمبێلی هاوڵاتییان گەیشتووە".

چالاکان ڕەخنەی تووندیان لە بەرپرسانی هەرێم گرت کە لە کاتێکدا بەیاننامەی هاوخەمی بۆ قوربانییان بڵاودەکەنەوە، "بەڵام لە خۆیانناپرسن قوربانییەکان بەرهەمی خراپیی دەسەڵات و قوربانیی دەستی ئەوانن"، هاوکات ڕەخنەیان لە بێدەنگیی خەڵکیش گرت و پێیانوایە ئەو بێدەنگییە بێباکیی زیاتری دەسەڵاتی لێکەوتووەتەوە.