وتەبێژی حکومەتی هەرێم ڕەخنەی تووند لە قوباد تاڵەبانی و تیمی وەزاریی یەکێتی دەگرێت

16-02-2023 02:04

پەرەگراف

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەخنەی تووند لە هەڵوێستی قوباد تاڵەبانی و تیمی وەزاریی یەکێتی دەگرێت کە بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانیان کردووەو دەڵێت: "كابینەی نۆیەم تاكە حكومەتە توانیویەتی دەست بۆ زۆر شت ببات و شەفافترین كابینەیە لە ئەزمونی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا".

جوتیار عادل لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، وتی، حكومەتی هەرێم  نابێت ببێ بە بەشێك لە ململانێ، هەر لایەنێك نیگەرانی هەبێت، با لە ئەنجومەنی وەزیران نیگەرانییەكانی بڵێت.

وتەبێژی حکومەت بە توانجەوە ڕوو بە بایکۆتەکەی یەکێتی، وتی "بەڵام ئەم هەڵوێستە بۆچییە؟ بۆ ئەوەیە ئێمە رێگری لە رێگای قاچاغ بگرین؟! ئەوە لەپای ئەوەیە دەمانەوێت چاكسازی بكەین ئەو هەڵوێستە وەردەگرن(مەبەستی یەكێتییە)، دەمانەوێت هێزی پێشمەرگە یەكبخەین، ئەمانەوێت هێز بنێرین بۆ سنورەكان بۆ ئەوەی رێگری لە قاچاخچییەكان بكەین؟! ئەو پارەیە بۆ كوێ ئەڕوات؟ وەرن پێم بڵێن. بۆچی موچەی خەڵك دوائەكەوێت؟!".

لەبارەی پێدانی دەسەڵات بە تیمی یەکێتی وتی، ئەو دەسەڵاتەی لەم کابینەیەدا دراوە بە ئەوان "لە هیچ كابینەیەكدا نەدراوە، ئەو دەسەڵاتەی دراوە بە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی سەر بە پارێزگای سلێمانی لە هیچ كابینەیەكدا پێی نەدراوە".

لە وەڵامی ئەگەری کشانەوەی یەکێتی لە حکومەت، جوتیار عادل وتی "ڕێز لە ڕایان دەگرین و هەر هەڵوێستێک وەربگرن ڕێزی لێدەگرین".

نزیکەی چوار مانگە قوباد تاڵەبانی و تیمی وەزاریی یەکێتی بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانیان کردووە بەهۆی کێشەکانی حیزبەکەیان لەگەڵ پارتی، بەڵام لە وەزیرەکانی یەکێتی لە وەزارەتەکانیان بەردەوامن لە کارکردن.