مەسرور بارزانی دوای کۆبوونەوە لەگەڵ ماکرۆن: برەو بە پەیوەندییەکانمان لە بواری بازرگانی و وەبەرھێنان دەدەین

16-02-2023 10:16
دیداری ئەمڕۆی مەسرور بارزانی و ماکرۆن لە کۆشکی ئیلیزێ لە پاریس.

پەرەگراف

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا ڕایگەیاند: زیاتر برەو بە پەیوەندییەکانمان لە بواری بازرگانی و وەبەرھێنان دەدەین.

مەسرور بارزانی لە تویتێکدا خۆشحاڵیی پیشاندەدات بە کۆبوونەوەی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن و دەڵێت: بەیەکەوە ھاوکارو یارمەتیدەربووین لەپارستنی جیھان لە تیرۆریستانی داعش.

بارزانی دەشڵێت: فەرەنسا هاوپەیمانێکی خاوەن دیدگایەکی هاوبەشە؛ بە بەرزکردنەوەی ئاستی هەرێمەکەمان و ئاسایشی ئەوروپا.

سەرۆکی حکومەتی ھەرێم دوو ڕۆژە بە سەردانێک لە فەڕەنسایەو جگە لە ماکرۆن لەگەڵ ژیرار لارشێ سه‌رۆكى ئەنجومەنی پیرانی فەرەنسا(سێنات) کۆبووەوە.

لەبارەی ئەو کۆبوونەوەیەوە، مەسرور بارزانی دەڵێت "لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆمان لەبارەی بارودۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و پێویستی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرال کرد لە سەر بنەمای دەستوور".

سەرۆکی ئەنجومەنی پیرانی فەرەنسا، بە ڕێز و پێزانینەوە ئاماژەی بە خەبات و قوربانیدانەکانی پێشمەرگە کردووە، بەتایبەتی لەتێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش و پاراستنی پێکهاتە جیاوازەکان لە هەرێمی کوردستان.

"وێڕای سوپاسکردنی حکومەت و گەلی فەرەنسا بۆ پشتگیریکردنی خەڵکی کوردستان، کورتەیەکمان دەربارەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان خستەڕوو. گرنگی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و ئاساییکردنەوەی دۆخی دەڤەری شنگال و زەمینەخۆشکردن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکەمان بوو" مەسرور بارزانی وادەڵێت.

فەرەنسا ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشە و یەکێکە لەو وڵاتانەی پشتیوانێکی دیاری پێشمەرگەو ھێزە عێراقییەکان بوو لەشەڕی دژی تیرۆریستان بە بۆردومانی ئاسمانیی، پێدانی چەک و ڕاوێژ و مەشق و ڕاھێنانی سەربازیی.