فڕۆكەخانەی سلێمانی ١٠٠ دۆلار بە ١٣٢ هەزار دینار بە گەشتیاران دەفرۆشێت

17-02-2023 03:10
نووسینگەی بانكی ئەقلیمیی بازرگانی (RT Bank) لەناو فڕۆكەخانەی سلێمانی

پەرەگراف

لەمڕۆوە لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەست كرا بە فرۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران بە نرخی بانكی ناوەندی كە بۆ هەر ١٠٠ دۆلارێك ١٣٢ هەزار دینارە. ئەمە یەكێكە لە ڕێكارەكانی بانكی ناوەندیی عێراق بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار كە تا ئێستا بەهای ١٠٠ دۆلار لە بازاڕدا لە سەروو ١٥٠ هەزار دینارەوەیە.

‌‎بەشی پەیوەندییەگشتییەكان و ڕاگەیاندنی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەڵێت "لە ئەمڕۆوە نووسینگەی بانكی ئەقلیمیی بازرگانی (RT Bank) بە نرخی ڕەسمیی بانكی ناوەندیی عێراقی، لەناو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ‌سلێمانی پرۆسەی گۆڕینەوەی (دیناری عێراقی بۆ دۆلار)ی دەست پێ كرد".

ڕاگەیاندنی فڕۆكەخانەكە سەبارەت بە مەرجەكان وتوویەتی "بۆ گەشتیارانی تەمەن سەروو ١٨ ساڵە و بۆ هەر گەشتیارێك ڕێگەپێدراوە ‌تەنها یەك جار لە مانگێكدا سوود لەم بڕیارە وەربگرێت".

"پێویستە گەشتیار هەڵگری پاسپۆرتی عێراقی بێت، پێویستە گەشتیار (تكت و بەڵگەنامەكان)ی تایبەت بە گەشتكردنی پێ بێت و دوای تەواوكردنی ڕێكارەكانی تایبەت بە گەشتكردن (چێكین) و وەرگرتنی بۆردینگ كارت و (لێدانی مۆری ڕۆیشتوو لە پاسپۆرت)ـەكەی لە دواوێستگەی فڕۆكەخانە لە هۆڵی ترانزێتی تێرمیناڵ، پارەگۆڕینەوەكەی بۆ ئەنجام دەدرێت"، ڕاگەیاندنی فڕۆكەخانەی سلێمانی وا دەڵێت.

دیاریكردنی بڕی گۆڕینەوە بەپێی ڕێنماییەكانی بانكی ناوەندیی عێراقی دەبێت و فڕۆكەخانەی سلێمانی دەڵێت "بەپێی ڕێنماییە گومرگییەكان، گەشتیاری تەمەن سەرووی ١٨ ساڵ ڕێگەپێدراوە تا بڕی ١٠٠٠٠ هەزار دۆلار (یەك دەفتەر) و ٢٠٠ هەزار دیناری عێراقی لەگەڵ خۆی بباتە دەرەوە".

فڕۆكەخانە ڕێنمایی گەشتیاران دەكات كە "ئەو گەشتیارانەی دەیانەوێت ئاڵوگۆڕی دراو بكەن، پێویستە چوار كاتژمێر پێش ئەنجامدانی گەشتەكەیان لە تێرمیناڵی فڕۆكەخانە ئامادە بن".

ڕۆژی 13ی ئەم مانگە بڕیارەكە لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی فرۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران بە نرخی بانكی ناوەندی دەستی پێ‌ كرد. فڕۆكەخانەكە ڕایگەیاند "بەپێی بڕیاری بانكی ناوەندی، گەشتیار لە كاتی گەشتكردن بۆ ئەم وڵاتانە (ئێران، سووریا، لوبنان، كۆریای باكوور) لەم بڕیارە سوودمەند نابێت".

بەپێی زانیارییەكان، بانكی ناوەندی بە ١٣٠ هەزار دۆلار لە وەزارەتی دارایی دەكڕێت و بە ١٣١ بە بانك و كۆمپانیاكانی دەفرۆشێتەوە، ئەوانیش بە ١٣٢ هەزار بە هاووڵاتیانی دەفرۆشن، واتە هەر ١٠٠ دۆلارێك بە ١٣٢ هەزار دینار بە گەشتیار دەفرۆشرێت. فڕۆكەخانەی هەولێر دەڵێت "هەر گەشتیارێك دەتوانێت حەوت هەزار دۆلار (٧٠گەڵا) بكڕێت".