ئاماری گیانلەدەستدان بە بوومەلەرزە هەڵکشا و سێ کەسی دیکەش ڕزگار کران

18-02-2023 03:15
کارمەندێکى بەرگریى شارستانى لە شارۆچکەى جێندرێس لە ڕۆژئاواى کوردستان

پەرەگراف

ئاماری گیانلەدەستدان بە بوومەلەرزە لە توركیا و سووریا گەیشتە ٤٥ هەزار و ٥١٣ كەس. هێشتا پرۆسەی گەڕان و ڕزگاركردن لە باكووری كوردستان بەردەوامە و ئەمڕۆیش سێ‌ كەسی دیكە بە زیندوویی لەژێر داروپەردووی باڵەخانە ڕووخاوەكان دەرهێنران، بەڵام لە ڕۆژئاوای كوردستان و سووریا چەند ڕۆژێكە هیچ كەسێك بە زیندوویی دەرنەهێنراوەتەوە.

لە سیازدەیەم ڕۆژ و پاش ٢٩٦ كاتژمێر لە ڕوودانی بوومەلەرزەكە، سێ كەس لە شاری ئەنتاكیای ناوەندی پارێزگای هاتای لە باكووری كوردستان، ڕزگار كران.

ئەو سێ‌ كەسە منداڵێك و ژن و پیاوێك بوون كە لەلایەن تیمی گەڕان و ڕزگاركردنی وڵاتی قرغیزستانەوە بە زیندوویی لەژێر داروپەردووی باڵەخانەیەكی ڕووخاو دەرهێنران و گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانە.

ئەمڕۆ سولەیمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی توركیا، ئاماری نوێی گیانلەدەستدان بە بوومەلەرزەی لە باكووری كوردستان و شارەكانی دیكەی توركیا ڕاگەیاند و وتی "تا ئێستا ٣٩ هەزار و ٦٧٢ كەس گیانیان لەدەست داوە".

وەزیری ناوخۆی توركیا ئاماژەی بەوەش كرد، ژمارەی ئەو باڵەخانانەی بەهۆی بوومەلەرزەكەوە كاریگەرییان لەسەر دروست بووە و كارەكانی گەڕان و ڕزگاركردن تیایاندا ئەنجام دراوە، "زیاتر لە ٢٠ هەزار باڵەخانەن".

بەڵام لە ڕۆژئاوای كوردستان و شارەكانی دیكەی سووریا كە بوومەلەرزەكە زیانی پێ‌ گەیاندوون، تەنیا لە هەفتەی یەكەمدا پرۆسەی ڕزگاركردن بەڕێوە چووە. بەرگریی شارستانیی سووری ناسراو بە (كڵاوسپەییەكان)، لە پێنجەم ڕۆژی بوومەلەرزەكە و لە ڕۆژی ١٠ی ئەم مانگەوە پرۆسەی گەڕان و ڕزگاركردنی كۆتایی پێ‌ هێناوە.

بەپێی ئامارێك كە لە نووسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ هەماهەنگیی كاروباری مرۆیی (OCHA) بەدەست هاتووە، لە سووریا "پێنج هەزار و ٨٤١ كەس" بە بوومەلەرزە گیانیان لەدەست داوە و ١٠ هەزار و ٥٢٩ كەسیش بریندار بوون.

هەروەها وەزیری تەندروستیی توركیا ڕایگەیاند "لە پارێزگا كارەساتبارەكاندا، ژمارەی ئەوانەی لە ١٢ ڕۆژی یەكەمی بوومەلەرزەکەدا سەردانی بەشی خزمەتگوزاریی تەندروستییان كردووە، گەیشتووەتە ٩٦٩ هەزار و ٤٨٢ كەس".

بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٦-٢-٢٠٢٣، زەمینلەرزەیەك بە گوڕی ٧.٧ پلەی ڕێختەر كە ناوەندەكەی شاری مەڕەش لە باكووری كوردستان بوو، باكووری كوردستان و توركیا و ڕۆژئاوای كوردستان و سووریای هەژاند، هەمان ڕۆژ بوومەلەرزەیەکی دیکە بە گوڕی ٧.٦ پلەی ڕێختەر لە هەمان ناوچە ڕووی دا، بەهۆیانەوە دەیان هەزار کەس گیانیان لەدەست دا و دەیان هەزار خانوو و باڵەخانەیش خاپوور بوون یان زیانی ماددیی گەورەیان پێ گەیشت، نزیکەی ١٠٠ هەزار کەسیش بریندار بوون.