شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغداد دەکاتەوە بۆ گفتوگۆ لەسەر بودجەو نەوت و گاز

19-02-2023 01:09

پەرەگراف

شاندی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ جارێکی دیکەو بۆ زیاتر لە ٣٠هەمین جار لەم کابینەیەدا، سەردانی بەغدادی کردەوە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان.

شاندەکە وەزیری دارایی سەرۆکایەتی دەکات و هیچ ئەندامێکی یەکێتی تێدانییە، ئەوەش بەهۆی بەردەوامیی بایکۆتی ئەنجومەنی وەزیران لەلایەن تیمی وەزاریی یەکێتی.

فەرمانگەی میدیاو زانیاریی حکومەت بڵاویکردەوە، شاندەکە لەگەڵ گەیشتنیان بۆ بەغداد لەگەڵ وەزارەتى نەوت کۆبۆوە بۆ گفتوگۆكردنی پڕۆژەی یاساى نەوت و گازی فیدراڵی.

هاوکات وەزارەتی دارایی هەرێم لەبارەی سەردانی شاندەکە ڕایگەیاند "بەمەبەستی درێژەدان بەگفتوگۆکان لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەو پڕۆژە یاسای نەوت و غاز و چەند دۆسیەیەکی گرنگ لەنێوان هەرێم و بەغدا، ڕۆژی ٢٠٢٣/٢/١٩ شاندی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابووری هەرێم گەیشتنە بەغداد".

"بڕیارە شاندی هەرێم لەماوەی مانەوەیان لە بەغدا چەندین کۆبونەوەی گرنگ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق ئەنجام بدەن" وەزارەتی دارایی وادەڵێت.