نێچیرڤان بارزانی: ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن هەموو پڕۆسەی سیاسی و شەرعیەتی هەرێمی کوردستان دەخاتەژێر پرسیارەوە

19-02-2023 01:24

پەرەگراف

نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند، زۆر بەداخەوەن کە ساڵی ڕابردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەکراو هیوادارن کە بە تەئکید ئەمساڵ ئەو پڕۆسەیە ئەنجام بدرێت.

سەرۆکی هەرێم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە میونیشن ڕایگەیاند "دوای گەڕانەوەمان دەستدەکەین بە کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەکان و بابەتی سەرەکی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەبێت، ئێمە پابەندین بە دەستنیشانکردنی ڕۆژی هەڵبژاردن و دەبێت بکرێت و نەکردنی هەموو پڕۆسەی سیاسی و شەرعیەتی هەرێمی کوردستان دەخاتەژیر پرسیارەوە و هیوادارم هەموو لایەنەکان ئەم پرسە بە جددی وەربگرن".

نێچیرڤان بارزانی باسی کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی کرد و وتی"کێشە هەیە لە نێوان پارتی و یەکێتی، بەڵام ئەوەنییە نیگەرانییەکی زۆر گەورەی بەدوادابێت نامەوێت کەمی بکەمەوە، بەڵام نەگەیشتووینەتە ئەوەی مەترسییەکی گەورەبێت لەسەر هەرێمی کوردستان و لەماوەیەکی نزیکدا هەردوو حیزب کۆدەبنەوە".

"دەبێت هێزە سیاسییەکان بزانن پێکەوە دەتوانین کاربکەین و ئەگەر پێکەوە نەبین ناتوانین هیچ بۆ هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکەین" سەرۆکی هەرێم وای وت.