دانیشتنێکی دیكەی دادگا لەسەر سكاڵای چاودێری دارایی سلێمانی لە دژی شارەوانی دواخرا

19-02-2023 02:08
دادگای سلێمانی. وێنە؛ پەرەگراف

پەرەگراف

دانیشتنێكی دیكەی دادگا لەسەر دۆسیەی سكاڵای دیوانی چاودێری دارایی سلێمانی لە دژی قادر حەمەجان عەزیز سەرۆكی پێشووتری شارەوانی سلێمانی دواخرا. زیاتر لە ١٦ ساڵە سکاڵای ئەم دۆسیەیە تۆمارکراوەو هێشتا بە ئەنجام نە گەیشتووە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە دۆسیەكە بۆ پەرەگراف ئەوەی خستەڕوو، ئەمڕۆ ٤١هەمین دانیشتن لە دادگای سلێمانی لەسەر دۆسیەكە بەڕێوەچوو پاشان دادوەر بەهۆی هەندێک هۆکاری هونەریی و بۆ داواکردنی چەند شارەزایەک تا ڕایان لەسەر دۆسیەکە وەربگیرێت، بڕیاریدا بە دواخستنی دانیشتنەكە بۆ ٢٩-٥-٢٠٢٣.

تۆمارکردنی ئەو سکاڵایەی دیوانی چاودێری دارایی دەگەڕێتەوە بۆ مانگی ١٢ی ٢٠٠٦ كاتێك جەلالی سام ئاغا سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی بووە، لە ساڵی ٢٠١٢شەوە دۆسیەکە لە قۆناغی دادگایی کردندایە.

دۆسیەی سكاڵای دیوانی چاودێری دارایی سلێمانی لەسەر قادر حەمەجان عەزیز، "پەیوەندی بەو تۆمەت و ناوزڕاندن و وەڵامدانەوانەی شارەوانی سلێمانی ھەیە لەو کاتەی ناوبراو سەرۆکی شارەوانی بووە لەسەر ڕاپۆرتەکانی دیوان کە تێیدا باسی سەرپێچی و گەندەڵی و لادانی ئیداری‌و یاسایی شارەوانی کراوە لەو سەردەمەدا" بەوتەی سەرچاوەكەی پەرەگراف.

لەسەردەمی سەرۆكایەتی جەلالی سام ئاغادا دیوانی چاودێری دارایی سلێمانی، 2 هەزارو 720 ڕاپۆرتی لەسەر گەندەڵی و لادانی ئیداری‌و یاسایی ئامادە كردووە، بەدەر لەو ڕاپۆرتانە، دیوانی چاودێری دارایی هەرلەو سەردەمەدا 86 كەسی لەسەر گەندەڵی‌و سەرپێچی یاسایی‌و ئیداریی داوە بە دادگا كە زۆربەیان بەرپرسانی باڵای حكومەت بوون، بەڵام ڕێکاری یاساییان لە بەرامبەر نەگیرایەبەر سەرباری تەشەنەسەندنی فراوانی گەندەڵیی و دانپێدانانی خودی بەرپرسانی باڵای ھەرێم لە مەترسییەکانی گەندەڵی لەسەر ئەزموونی حکومڕانیی ھەرێم.