فوئاد حسێن: بەم نزیکانە نرخی دراو سەقامگیر دەبێت و هیچ مەرجێکی ئەمریکامان بەسەردا نەسەپێنراوە

20-02-2023 12:09

پەرەگراف

وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، دیناری عێراقیی بەھێزەو بەم نزیکانە سەقامگیری لە بازاڕی دراو دروست دەبێت.

فوئاد حسێن، کە سەرۆکایەتی شاندی عێراقی کرد بۆ سەردانی واشنتۆن و کۆبوونەوە لەگەڵ ئەمریکییەکان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی، ئامانجی سەردانەکەی واشنتن پەیوەندی بە کەرتی ئابووریی و سیاسەتی نەختینەیی هەبوو.

"لەسەر دۆسیەی دۆلار، هیچ مەرجێکی ئەمریکامان بەسەردا نەسەپێنراوە. عێراق خاوەنی یەدەگێکە 100 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە" فوئاد حسێن وات وت.

وتیشی "پێشتر پسوڵەی ناڕاست بۆ وەرگرتنی دۆلار پێشکەشکراوە. لەمەودوا سەکۆی ئەلیکترۆنیی دیاریدەکات کێ لە دۆلار سودمەند دەبێت و بەقاچاخبردنی دەوەستێنێت".

ئەوە لەکاتێکدایە بانکی ناوەندیی عێراق کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراوی ئاگادار کردەوە کە پێویستە پشت بە سەکۆی ئەلیکترۆنی ببەستن بۆفرۆشتنی دراوی بیانی کە لەمڕۆوە کەوتووەتەکار.

بانکی ناوەندیی جەخت لەوە دەکاتەوە، هەر بانک و کۆمپانیایەک ئەو سەکۆیە بەکارنەهێنێت، لە پێدانی پارەی کاشی دۆلاری هەفتانە دووردەخرێتەوە.