وەزیری ئاوەدانکردنەوە: پلەی ٥ی ڕێختەر زۆنی کوردستانەو ئەگەر تا ئەو پلەیە بومەلەرزە ڕووبدات زیانێکی زۆری نابێت

21-02-2023 11:47

پەرەگراف

وەزیری ئاوەدانکردنەوەی هەرێم ڕایگەیاند، لە نەخشەی بوومەلەرزەی عێراقدا هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ئەو ناوچانەی مەترسییەکان لەسەری مامناوەندەو پێداچوونەوە بە شێوازی دیزاینکردن و جێبەجێکردنی پڕۆژەکان دەکەن لە پێناو پاراستنیان.

ئەو وتانەی دانا عەبدولکەریم لە میانی بەڕێوەچوونی ۆرکشۆپی (پاراستنی کوردستان لە بومەلەرزە) بوو کە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو بۆردی چاپتەری کوردستان لە پەیمانگای کۆنکرێتی ئەمەریکی ڕێکیانخستبوو، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی لە هەولێر بەڕێوەچوو.

وەزیری ئاوەدانکردنەوە ئەوەی خستەڕوو، هەڵسەنگاندنی بیناو باڵەخانەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ دەستنیشانکردنی کەموکورتی و چارەسەری گونجاو، هەروەها دیاریرکردنی کۆدو ستاندەردی تایبەت بە پێگەی جوگرافی هەرێم و دەرکردنی ڕێنمایی و میکانیزمی گونجاو بە شێوەیەک ئەوەی دیزاین دەکرێت وەکخۆی جێبەجێ بکرێت لە پڕۆژەکاندا.

دانا عەبدولکەریم وتیشی، عێراق دابەشکراوە بۆ شەش زۆنی بومەلەرزە لە زۆر مەترسیدارەوە بۆ کەم مەترسیدار، پلەی ٥ زۆنی کوردستانەو ئەگەر تا ئەو پلەیە بومەلەرزە ڕووبدات زیانێکی زۆری گیانیی و ماددی نابێت لە پلەی ٦ زیانەکان دەهێندە دەبن.

پەیمانگای کۆنکرێتی ئەمریکی کە بەشداربوون لە ۆرکشۆپەکەدا، دامەزراوەیەکی ئەمەریکییەو پەیوەندیدارە بە کۆنکرێت کە سەدەیەکە لەو بوارەدا کاردەکات و لە ٩٤ وڵات لقی هەیە، کاری سەرەکی پەیمانگاکە دەرکردنی کۆدو ستاندەرو ڕێنمایی تایبەتە بە کەرەستەو دیزاین و دروستکردنی بینای کۆنکرێتی، تائێستا ٢٤٨ کۆدو ڕێنمایی ستاندەردیان دەرکردووە.

پڕۆفیسۆر د.عومەر قەرەنی سەرۆکی بۆردی چاپتەری کوردستان لە پەیمانگای کۆنکرێتی ئەمەریکی، لە ۆرکشۆپەکەدا وتی: لە پێناو ئەنجامدانی پڕۆژەکان بە کوالێتی بەرزو تەمەنی درێژو پاراستنی هەرێمی کوردستان لە بومەلەرزەو دەستەبەرکردنی سەلامەتی، پێویستە کۆدەکانی ئەمریکی بەکار بهێنرێن لە دیزاین و جێبەجێکردن و تێستکردنی موادەکان.

پڕۆفیسۆر عومەر قەرەنی وتیشی، بۆ ئەوەش پێویست بە یاسایەک یاخود ڕێنمایی و پەیڕەو هەیە بۆ چەسپاندن و  پابەندکردنی لایەنەکانی پەیوەندیدار، هاوکات پێشنیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای کرد لە وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەو مەبەستە.