پەرەگراف
وتەبێژی حکومەتی ھەرێم دەڵێت، ئامانجیان ئەوەیە شەریک بن لە داڕشتنی سیاسەتی نەوت و گاز لە عێراق وەک پرەنسیپێک لە سیستمی فیدراڵی.
جوتیار عادل دەرەنجامی کۆبوونەوەو گفتوگۆکانی نێوان ھەرێم و بەغدادی خستەڕوو، دەڵێت، لێکتێگەیشتن لەسەر یاسای نەوت و گازی فیدراڵی دروستبووەو ڕۆژ بە ڕۆژ فراوانتر دەبێت، گفتوگۆکان بەردەوام دەبن و لیژنە ھاوبەشەکان پێکەوە کار دەکەن.
"لیژنە لەلایەن ھەردوو حکومەت پێکھێنراوە بۆ داڕشتنی یاساکان و نووسینەوەی دەقەکان، لێکتێگەیشتن لەسەر پرەنسیپە گشتییەکان ھەیە، لیژنەکە چەند ڕۆژی داھاتوو دەستبەکار دەبێت بۆ داڕشتنی ئەو بیرۆکانەی لەلای ھەردولا ھەیە و ڕێککەوتوون لەسەری".
وتەبێژی حکومەتی ھەرێم باسلەوەش دەکات، کەرتی نەوت لە عێراقیش گرفتی ھەیەو یاساکە بۆ ھەموو عێراق گرنگە نەک تەنھا بۆ کوردستان، "پێویستە ھەردوولا پێکەوە ئەو پڕۆژە یاسایە ئامادە بکەن و ناکرێت ھیچ لایەک بە تەنھا ئەو کارە بکات".