مەسروور بارزانی دوو فەرمانی تایبەت بە گرنگیدان بە زمانی دایك دەركرد

21-02-2023 11:57
مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان

پەرەگراف

لە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایكدا مەسروور بارزانی دوو فەرمانی تایبەت بە گرنگیدان بە زمانی دایك دەركرد، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێت هاووڵاتییە بیانییەكانی ناو هەرێم فێری زمانی كوردی بكرێن و تابلۆ بە زمانی كوردی لە دامەزراوە حكومی و ناحكومییەكان و نوێنەرایەتیی وڵاتان و ڕێكخراوە بیانییەكان و كۆمپانیاكان بنووسرێت.

لە فەرمانی یەكەمدا كە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێم بڵاوی كردووەتەوە، هاتووە "لە پێناو گرنگیدان بە زمانی كوردی وەك زمانی دایك، بڕیارمان دا بە : ڕاسپاردنی وەزارەتەكانی خوێندنی باڵا و پەروەردە بە هەماهەنگیی لەگەڵ ئەكادیمیای كوردی و شارەزا و پسپۆڕانی ئەم بوارە، بە ئامادەكردنی پرۆگرامێكی گونجاوی فێربوونی زمانی كوردی بۆ ئەو هاووڵاتییە بیانییانەی بەمەبەستی كاركردن لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێن".

لە دووەمیشیاندا فەرمان بە وەزارەتەكان كراوە كە "كاری پێویست ئەنجام بدەن بۆ نووسینی تابلۆ بە زمانی كوردی لە سەرجەم دامەزراوە و فەرمانگە حكومی و ناحكومییەكان، نووسینگە و نوێنەرایەتی و كونسوڵگەری وڵاتان و ڕێكخراوە بیانییەكان و كۆمپانیا و دامەزراوەكانی كەرتی تایبەت".

سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەشڵێت "لە هوتیل و شوێنە گەشتیاری و ڕێستورانتەكان، دەبێت گرنگی بە زمانی كوردی بدرێت و لیستی خواردن و ڕێبەر و ڕێنماییەكان بە زمانی كوردییش هەبێت".

ڕۆژی 21-2ی هەموو ساڵێك بە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایك دیاری كراوە و لە وڵاتاندا چالاكیی جۆراوجۆر بەو بۆنەیەوە ئەنجام دەدرێت. هەر ئەمڕۆیش مەسرور بارزانی توویتێكی لەوبارەیەوە كرد، بەڵام تێیدا وشەی ئینگلیزیی بەكار ھێنا و لەبری تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نووسیویەتی "سۆشیەڵ میدیا"، ئەوەش بووە جێگای سەرنج و ڕەخنە.

سەرۆكی حكومەتی هەرێم وتی "ڕۆژی زمانی دایك، لە گشت كوردستانییان و نەتەوە و پێكهاتەكانی كوردستان پیرۆز دەكەم. پاراستن و گەشەپێدانی زمانی دایك، ئەركی هەموومانە".

‏"با زمانی كوردی لە پێگەكان و سۆشیەڵ میدیادا زیاتر بەكار بهێنین. لە خۆمەوە دەست پێ دەكەم و لە ئەمڕۆوە زیاتر بە كوردی توویت دەكەم"، مەسرور بارزانی وا دەڵێت.

پێشتر زۆربەی توویتەكانی مەسروور بارزانی بە زمانی ئینگلیزی بووە، بەوهۆیەشەوە زۆر جار لەلایەن بەشێك لە بەكارھێنەرانی توویتەرەوە ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەتەوە و بۆیان كە بە زمانی كوردی توویت ناكات.