بانکی ناوەندیی عێراق بەشی دووەمی ڕێکارەکانی ڕاگەیاند بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بەهای دۆلار

22-02-2023 01:15

پەرەگراف

بانکی ناوەندیی عێراق بەشی دووەمی ڕێکارەکانی ڕاگەیاند بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار و دەستخستنی دراوی بیانیی و مامەڵەو حەواڵەی دەرەکیی.

بەپێی ڕێکارە نوێیەکان، رێکخستنی پارەدارکردنی بازرگانیی دەرەکی لەگەڵ چین بەشێوەیەکی راستەوخۆ بە بەکارهێنانی دراوی یوانی چینی دەبێت، هەروەها ناردنی پارە بۆ ئەمریکا و ئەوروپا ئاسانکاریی بۆ دەکرێت و بەهەمان میکانیزم دەخرێتەڕوو.

هاوکات هاووڵاتییەکی عێراقی ڕێگەی پێدەدرێت لە مانگێکدا تا بڕی 7500 دۆلار لە ڕێگەی کۆمپانیاکانی حەواڵەکردنەوە، بنێرێتە دەرەوەی وڵات ئەوەش بە نرخی ١٣٢ هەزار دینار بۆ هەر ١٠٠ دۆلارێک.

بانکی ناوەندی دۆلار بەو نرخە بە کۆمپانیاکانی حەواڵەکردن دەفرۆشێت، بۆ ئەو مەبەستەش لیستی بریکارە باوەڕپێکراوەکان بڵاودەکاتەوە، هەروەها شوێنەکانی فرۆشتنی دۆلار لە شارەکاندا زیاد دەکات.

بۆ کۆمپانیاو بازرگانانیش ئەو بەڵگەنامانەی داوا دەکرێن لەکاتی حەواڵەکردنی پارە بۆ دەرەوە، بریتی دەبن لە لیستی بازرگانی(پسووڵە)، یاخود بەڵگەنامەی بانک، بەو مەرجەی بریکارەکە دواتر بەڵگەنامەی پێویست پێشکەش بە بانک بکات و بیسەلمێنێت کە کاڵاکەی هێناوەتە ناو عێراق.

 هەر بەپێی ڕێکارە نوێیەکان، ئاسانکاری بۆ بریکارەکانی کۆمپانیاکانی ناردنی پارە دەکرێت وەکو (وێستێرن یونیون و مۆنیگرام)، لە یەکێک لە بانکەکانی عێراق.

ڕێکارەکانی بانکی ناوەندیی لەکاتێکدان، هێشتا بەهای دۆلار بەرامبەر دینار بە بەرزیی ماوەتەوەو نرخی هەر ١٠٠ دۆلارێک لە بازاڕدا دەوری ٢٠ هەزار دینار جیاوازیی هەیە لەگەڵ ئەو نرخەی بانکی ناوەندیی بە بانکەکانی دەفرۆشێت.