ئێران ڕایگەیاند بەردەوام دەبن لە ڕوبەڕوبوونەوەی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان

22-02-2023 03:20

پەرەگراف

وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی بەغدادی کردو ڕایگەیاند، بەردەوام دەبن لە ڕوبەڕوبوونەوەی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان.

ئەو وتانەی حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بوو لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی کە تێیدا داوای کرد عێراق ڕێگری لە جموجوڵی گروپە چەکدارەکان بکات لە سنورەکانی لەگەڵ ئیران.

لایخۆیەوە فوئاد حسێن ڕایگەیاند، عێراق کۆمەڵێک ڕێکاری بۆ پاراستنی سنوورەکان گرتووەتەبەرو پەیوەستن بە پاراستنی سنوورەکانیان و ڕێگەنەدان بە بەکارهێنانی خاکی عێراق لە دژی وڵاتانی دراوسێ.

پێشتر ئێران بە پاساوی بوونی هەڕەشەی "گرووپە چەكدارییە جوداخوازەكان" لەو سنوورانەوە بۆ سەر وڵاتەكەی، بە بەردەوامی تۆپبارانی ناوچەكەی كردووە. دواجاریش لە مانگەكانی كۆتایی 2022ـدا هێرشەكانی چڕ كردەوە و چەند جارێك بارەگای حیزبەكانی ڕۆژهەڵاتی لە قووڵایی خاكی هەرێمدا بە مووشەكی بالیستی و درۆنی بۆمبڕێژكراو كردە ئامانج.

وەزیری دەرەوەی عێراق وتیشی، پرسی ئابووری تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەیان بووەو باس لەو شایستە داراییانە کراوە کە هی ئێرانن و لای عێراقە، بەتایبەت ئەوەی پەیوەستە بە کڕینی غاز و کارەبا لە ئێران و ئەو پرسە بەشێک بووە لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئەمریکییەکانیش لە سەردانەکەیاندا بۆ واشنتنۆن.