لاهور شێخ جەنگی بۆ بافڵ تاڵەبانی و سەرکردایەتی یەکێتی: دەسەڵاتەکانم وەک هاوسەرۆک بەکاردەهێنم

22-02-2023 04:21

پەرەگراف

لاهور شێخ جەنگی لە نامەیەکدا بۆ بافڵ تاڵەبانی و سەرکردایەتی یەکێتی، ئاگاداریان دەکاتەوە کە دەسەڵاتە یاسایی و پەیڕەوییەکانی خۆی وەک هاوسەرۆکی ئەو حیزبە بەکاردەهێنێت.

نامەکەی لاهور شێخ جەنگی ٢١-٢-٢٠٢٣ ئاڕاستەی سەرکردایەتی یەکێتی و بافڵ تاڵەبانی کراوەو تێیدا پشتی بە بڕیارەکەی دادگای ئاسایشی هەولێر بەستووە کە ئاڕاستەی ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندی سیاسی یەکێتی کردو لاهور شێخ جەنگی بە هاوسەرۆکی یەکێتی لەقەڵەم دەدات هاوشانی بافڵ تاڵەبانی.

بڕیارەکەی دادگای هەولێر لەلایەن تیمی پارێزەرانی بافڵ تاڵەبانی و سەرکردایەتی یەکێتی بە فەرمی ڕەتکرایەوەو ئەوان سوورن لەسەر یاسایی بوون و پەیڕەویی بوونی دەرکردنی لاهور شێخ جەنگی لە حیزبەکەیان، بۆئەوەش پشتیان بەستووە بە بڕیاری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق و دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن سەربە ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق.

لاهور شێخ جەنگی لە نامەکەیدا دەڵێت، دوای دەرچوونی بڕیاری دادگاو گەڕانەوەی سەرجەم مافە یاسایی و حیزبییەکانی کە بە شەرعیەتی کۆنگرەو دەنگی ئەندامانی سەرکردایەتی بەدەستی هێناوە، "ئاگادارتان دەکەمەوە کە لە ئەمڕۆوە دەسەڵاتە یاسایی و پەیڕەوییەکانی خۆم وەک هاوسەرۆک بەکاردەهێنم".

ناوبراو سەرکردایەتی بەرپرسیار دەکات لە بەردەم ئەو ئەرکەدا بۆ پاراستنی یەکێتی، دەشڵێت "هەر بڕیار و بەرنامەیەک بە مافی خۆم دەزانم ئەگەر سەرکردایەتی یەکێتی نەیتوانی لە ئاست چارەسەری کێشەکان بڕیاری پێویست بدات",

لاهور شێخ جەنگی بێدەنگبوونی سەرکردایەتی یەکێتی لە کێشە ناوخۆییەکانی ئەو حیزبە بە "ناهەقییەکی گەورە" بەرامبەر خەبات و خوێنی شەهیدان ناو دەبات و دەڵێت "سەرەڕای ئەوەی بەرامبەرم کراوە بەشێک دەبم لە چارەسەر بۆ کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی".