سەرۆكی حكومەت بڕیاری خەرجكردنی دەرماڵەی خوێندكارانی دا

22-02-2023 04:39
خۆپیشاندانەكانی ساڵی ڕابردووی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان

پەرەگراف

لە كاتێكدا نیوەی وەرزی خوێندنی ئەمساڵ تەواو بووە، حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند بۆ وەرزی خوێندنی ‏‏2022 بۆ 2023 پاڵپشتیی دارایی لە شێوەی دەرماڵەدا بە خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگا دەدات.‏

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند "مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ‏ھەرێمی كوردستان، ڕەزامەندیی دا لەسەر بەردەوامی و خەرجكردنی زیاتر لە حەوت ملیار و 250 ‏ملیۆن دیناری مانگانە وەك پاڵپشتی بۆ قوتابییان و خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكانی ھەرێمی ‏كوردستان و دابینكردنی خزمەتگوزاری بەشە ناوخۆییەكان".‏

فەرمانگەكە دەڵێت "ئەم گوژمەیە ھاوشێوەی ساڵی خوێندنی (2021-2022) لەسەر بوودجەی زانكۆ ‏و پەیمانگاكان تەرخان دەكرێت".‏

بڕیاری خەرجكردنی ئەو پارەیە لە كاتێكدایە كە نیوەی وەرزی خوێندنی ئەمساڵ تەواو بووە و تا ئێستا ‏ئەو بڕە هاوكارییە داراییە بە خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان نەدراوە.‏

پاش بایكۆت و خۆپیشاندانەكانی ساڵی ڕابردووی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێم بۆ پێدای ‏دەرماڵە، حكومەتی هەرێم ئامادە نەبوو دەرماڵەی هەمیشەیی دەست پێ‌ بكاتەوە، بەڵام بڕێك پارەی بۆ ‏وەرزی خوێندنی 2021 – 2022 بۆ زانكۆ و پەیمانگاكان خەرج كرد، كە بەشێكی لە شێوەی ‏دەرماڵەدا درا بە خوێندكاران و بەشێكیشی بۆ خەرجیی پێداویستیی بەشە ناوخۆییەكان بوو.‏