پەرەگراف
سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، سبەینێ دوو تیمی حكومەتی هەرێمی كوردستان تایبەت بە پڕۆژەیاسای بوودجەی فیدراڵ و پڕۆژەیاسای نەوت و گاز، سەردانی بەغدا دەكەنەوە بۆ درێژەدان بە گفتوگۆكان.
پاش كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم كە تێیدا باس لە ناوەرۆكی سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغداد كرابوو، مەسروور بارزانی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبووك ڕایگەیاند "وێڕای دەستخۆشیكردنمان لە شاندی هەرێم، جەختمان لەوە كردەوە كە هەرێمی كوردستان هەمیشە لەگەڵ ئەوە بووە كێشەكان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ، لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستان و بەشێوەیەكی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بكرێن".
مەسروور بارزانی جەخت دەكاتەوە كە بۆ گەیشتنە ڕێككەوتن لەسەر چارەسەری كێشەكان "ئامادەین بۆ هەر هاوئاهەنگی و هاریكارییەك لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ، چونكە چارەسەرنەكردنی كێشەكان، زیان بە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراق دەگەیەنێت".
"لەپێناو تەواوكردنی دواهەنگاوەكانی دەستنیشانكردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە بوودجەی فیدراڵی، هەروەها تاوتوێكردنی ئامادەكارییەكانی پڕۆژەیاسای نەوت وگازی فیدراڵ، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا هەردوو تیمی هەرێمی كوردستان سبەی سەردانی بەغدا بكەنەوە"، سەرۆكی حكومەتی هەرێم وا دەڵێت.