جووتیار عادل: شاندی تیمە یاساییەكان چوونەتە بەغداد و لەگەڵ وەزارەتی نەوت كۆدەبنەوە

23-02-2023 01:54

پەرەگراف

وتەبێژی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند "شاندی تیمە یاساییەكانی حكومەتی هەرێم چوونەتە بەغداد و لەگەڵ وەزارەتی نەوت كۆدەبنەوە". دەشڵێت "وڵاتانی ناوچەكە تامەزرۆن بۆ ئەوەی پشتیوانیی ئەزموونی حكومەتی هەرێم بكەن".

جووتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ لە كۆنگریەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "ئەمڕۆ شاندی تیمە یاساییەكانی حكومەتی هەرێم چوونە بەغداد و لەگەڵ وەزارەتی نەوت كۆدەبنەوە. لەسەر یاسای بوودجەیش هەندێك بابابەت ماوە كە لە چوارچێوەی ئەو یاسایە مافەكانی خەڵكی هەرێمی جێگیر بكرێن".

جووتیار عادل نەیشاردەوە كە "خاڵی جێی ناكۆك"یش لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی هەن، بەڵام جەختی كردەوە كە "لێكتێگەیشتن لەسەر خاڵە ناكۆكەكان هەیە".
"هاوبەشیی ڕاستەقینەمان دەوێت لە دروستكردنی بڕیار لە بەغداد و حكومەتی هەرێم لەگەڵ چارەسەری بنەڕەتیی سەرجەم كێشە و گرفتەكانە بەپێی دەستوور كە تاكە چارەسەرە. پێویستە بەشداریمان لە بەغداد لە سەرجەم بوارەكان لەسەر بنەمای فیدراڵی بێت"، وتەبێژی حكومەتی هەرێم وای وت.

سەبارەت بە سەردانەكانی ئەم دواییەی سەرۆكی حومەتی هەرێمیش بۆ وڵاتانی ناوچەكە و جیهان، وتەبێژی حكومەت وتی "پێگەی هەرێمی كوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێز دەبێت، وڵاتان بە تایبەت وڵاتانی ناوچەكە تامەزرۆن بۆ ئەوەی پشتیوانیی ئەزموونی حكومەتی هەرێم بكەن، ئارەزوویان هەیە لەوەی ڕێككەوتنی هاریكاری و هەماهەنگی لە بواری ئابووری و بوارەكانی تر واژوو بكەن".

سەبارەت بە ڕێككەوتنی 50 ساڵەی هەرێم لەگەڵ توركیا لە بواری وزەدا، جووتیار عال لە وەڵامی ڕِۆژنامەنووساندا وتی "ئێمە نەوتمان بە توركیا نەفرۆشتووە بۆ ماوەی 50 ساڵ، ڕێككەوتنی گواستنەوەی نەوتمان كردووە".