مەسرور بارزانی: هیچ بیانوویەك نییە بۆ ئەوەی چیتر هەڵبژاردن دوابخرێت

23-02-2023 02:59

پەرەگراف

سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە كۆبوونەوە لەگەڵ شاندی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا ڕایگەیاند "هیچ بیانوویەك نییە بۆ ئەوەی چیتر پرۆسەی هەڵبژاردن دوابخرێت و دەبێت لەم ساڵەدا بكرێت".

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ پێشوازیی لە شاندێكی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا كردووە و دەڵێت "گفتوگۆمان لەبارەی گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە كرد".

مەسرور بارزانی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك دەڵێت "دووپاتمان كردەوە كە هیچ بیانوویەك نییە بۆ ئەوەی چیتر پرۆسەی هەڵبژاردن دوابخرێت و دەبێت لەم ساڵەدا بكرێت، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش هەموو ئاسانكاری و ئامادەكارییەك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەكات".

وەكوو سەرۆكی حكومەتی هەرێم خستوویەتیە ڕوو، تەوەرێكی سەرەكی كۆبوونەوەكە تایبەت بووە بە چاكسازییەكانی حكومەت، بە تایبەت "چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە، هەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی داهات، بەدیجیتەڵكردنی خزمەتگوزارییە گشتییەكان، برەودان بە كەرتی كشتوكاڵ و هەناردەكردنی بەروبوومی ناوخۆیی بۆ بازاڕەكانی دەرەوە".

هەر لە كۆبوونەوەكەدا "پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستانمان لەگەڵ ئەمەریكا و گرنگیی چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور"، تاوتوێ كراون.