پارێزگاری سلێمانی: ناکۆکییە ناڕەواکانتان ئاگر لە هەموو ڕەوایەتییەک بەردەدات

25-02-2023 12:26

پەرەگراف

پارێزگاری سلێمانی پەیامێکی بۆ ئاشتەوایی نێوان ھێزو لایەنەسیاسییەکان بڵاوکردەوەو داوا دەکات، بەر لە نەورۆزی ئەمساڵ، بە گیانێکی لە خۆبوردووانەوە، بڕیاری قبوڵکردنی یەکتر بدەن.

"گرنگ نییە چی لە یەکتر قبوڵدەکەن، یاخود نایکەن، گرنگ ئەوەیە یەکتر قبوڵبکەن، یەکتر ئاشتبکەنەوەو ئیرادەی نیشتمانیمان بەهێزبکەنەوە، لە کەلەڕەقیی و سەرکەشیی و سەرەڕۆیی و پەرتەوازەیی و جەمسەرگیریی؛ دور بکەونەوە" ھەڤاڵ ئەبوبەکر لە پەیامەکەیدا وادەڵێت.

دەقی پەیامەکەی

پەیامێک بۆ یەکخستنی ئیرادەی نیشتمانیی

بۆ هەموو کوردو کوردستاننشینان، لە هەر کوێیەکی دنیا هەن..

هۆکاری سەرەکیی بێسەریی و بێئیرادەیی و بێدەوڵەتیی و تەواوی نەهامەتیی و کەوتن و شکست و پاشەکشەو لەتبونمان؛ ناکۆکییە ناڕەواکانمانن، قبوڵکردنی هەموو ئەوای ترە بە دوژمنەکانیشمانەوە؛ جگە لە خۆمان، لە دوای تۆفانەوە بۆ لە دەستدانی نێوان دەریای قەزوینو دەریای ڕەش، بۆ مادو بۆ چاڵدێران و بۆ ناوبەرداشی ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و شەڕی میرەکان و شەڕی براکان و بۆ ئەمڕۆ، بۆ شەڕی نێوان هەست و نەستمان، چ لە سەر ئاستی خود، چ لەسەر ئاستی تاک، چ لەسەر ئاستی کۆمەڵگاو دامەزراوە کۆمەڵایەتیی وسیاسیی و حیزبیی حکومیی و ئابوریی و ئارامیی و زانیاریی و دادوەریی و دبلۆماسییەکان؛ پەرت و کەرت و کەم و کورت و کووڕ بوین و؛ چاومان یەکتر نابینێت.

مێژومان ئەزموننەکردووەو هەزار گلان نەیکردوین بەسوار، نە سودمان لە شکستەکانمان بینیوە، نە توانیومانە سەرکەوتنەکان بپارێزینبەردەوام هەندێکمان دەبینە کلکی تەورو ئەوی ترمان دەبڕینەوە، شایی لایەکمان شینی ئەویترمان و کۆستی لایەکمان شادییئەویترمانە، خۆمان بێئەرزش و دوژمنانمان سەردار کردووە.

((ئەوانەی لە مێژووی ڕابردووی خۆیان بێئاگا دەمێننەوە، مەحکومن بەوەی؛ کە دووپاتی بکەنەوە))؛ ئێستا ئیتر، کاتی ئەوە درەنگبووە کەدەبێت بەئاگابێینەوە، دەسەڵات و داهات و فەخفەخەو فەنتازیاو لەزەت و شیرینیی و چەوریی دەسەڵاتدارێتیی؛ لەمەزیاتر فریومان نەدەن.

مانەوەو چارەنوسی کوردو کوردستان بە تەمەن و مانەوەو ژیانی کەسمانەوە نەبەستراوەتەوە، بەڵام بەیەکەوە دەتوانین ئەمڕۆو ئایندەیەکی باشترو سەروەریی زیاتر بۆ خەڵک و خاک و نیشتمانەکەمان و خۆمان؛ زامنبکەین، تاوان و کارەسات و هەڵەو چەوت و چەوێڵییەکانی پێشوومان؛ ڕاستبکەینەوە، باری لاری سەرشانمان ڕێکبکەینەوە.

بە ناکۆکیشمان تەنها قەدەری ژیانێکی شایستەتر؛ دوردەخەینەوە.

بۆیە؛ ئەمڕۆ، بەر لە سبەی داوا لە هەموو تاک و دەستەو لایەنێکی ئەم کوردو کوردستانە، لە ناوەوەو دەرەوەی کوردستان، دەکەم: بەر لەنەورۆزی ئەمساڵ، بەگیانێکی لەخۆبوردووانەوە، بڕیاری قبوڵکردنی یەکتر بدەن، گرنگ نییە چی لە یەکتر قبوڵدەکەن، یاخود نایکەن، گرنگئەوەیە یەکتر قبوڵبکەن، یەکتر ئاشتبکەنەوەو ئیرادەی نیشتمانیمان بەهێزبکەنەوە، لە کەلەڕەقیی و سەرکەشیی و سەرەڕۆیی و پەرتەوازەیی وجەمسەرگیریی؛ دور بکەونەوە.

خۆتان دەستی ئاشتەوایی بۆ یەکتر درێژبکەن، بۆ ئاشتیی پرس بە کەس مەکەن، تێبگەن لەوەی کەستان ناتوانن ئەویترتان خاپور بکەن.

ئیرادە و شکۆو مێژوو ڕەسەنایەتیی و قوربانیی و دەسکەوتەکانی کوردو کوردستانیان؛ لەمە وردوخاشتر مەکەن.

ئازابن، بەرپرسیارو جوامێر و دەستپێشخەرو لێبوردەو  بوێربن؛

پێش ئاگری نەورۆز، ئاگر لە ناکۆکییەکانتان بەردەن.

ئەگەرنا؛

ناکۆکییە ناڕەواکانتان؛ ئاگر لە هەموو ڕەوایەتییەک بەردەدات.

د.هەڤاڵ ئەبوبەکر

پارێزگاری سلێمانی