سەرما بەرەو کۆتایی دەڕوات و هێشتا زیاتر لەسەدا ٧١ی خەڵکی کوردستان نەوتیان وەرنەگرتووە

26-02-2023 02:57

پەرەگراف

وەرزی سەرما بەرەو کۆتایی دەڕوات و بەپێی نوێترین ئاماری حکومەتی هەرێم هێشتا زیاتر لەسەدا ٧١ی خەڵکی کوردستان نەوتیان وەرنەگرتووە.

فەرمانگەی میدیاو زانیاریی حکومەت بڵاویکردەوە، پڕۆسەی دابەشکردنی نەوت لە دەوروبەری شارەکان بەردەوامەو تائێستا ٧٢ ملیۆن و ٢٣١ هەزار و ٣٤٨ لیتر بەسەر ٣٦١ هەزار و ١٥٦ خێزاندا دابەشکراوە.

ئەوە لەکاتێکدایە لە هەرێمی کوردستان ملیۆنێک و 257 هەزار خێزان هەن، بەوپێیە نزیکەی لەسەدا ٢٩ی خێزانەکان نەوتیان وەرگرتووەو زیاتر لەسەدا ٧١یان هێشتا بەریان نەکەوتووە.

نەوتەکەی حکومەتی هەرێم ٢٠٠ لیتری بە ١٠٣ هەزارو ٥٠٠ دینار دەدرێت بە خەڵک، ئەو نرخە  ناڕەزایی لێکەوتەوەو لە هەندێک شوێن خۆپیشاندانی لە دژ کرا، هەروەها پێوانی نەوتەکە بە دارو کلکە ماسیحە بەهۆی نەبوونی عەدادوە لە چەند ناوچەیەک گرژیی لێکەوتەوە لە نێوان خەڵک و تانکەرەکانی دابەشکردنی نەوت.

بەپێی بەدواداچونی پەرەگراف، لە زستانی 2018ـەوە زۆرینەی دانیشتوانی هەرێم بە تایبەت لەناو شارە گەورەكاندا، نەوتی سپی حكومییان بەرنەكەوتووە و بۆ ئەمساڵیش هیچ پلانێك نییە تا هەموو خەڵکی کوردستان لێی سودمەندبن.

پڕۆسەى دابەشکاریی نەوتی ئەمساڵ بەم شێوەیە بووە:

لە پارێزگاى هەولێر ٣١ ملیۆن و ٥٠٧ هەزار و ٦٠٠ لیتر دابەش کراوە و ١٥٧ هەزار و ٥٣٨ خێزان لێی سوودمەند بوون.

لە پارێزگاى سلێمانی ٢٤ ملیۆن و ٩٧ هەزار و ٨٠٠ لیتر دابەش کراوە و ١٢٠ هەزار و ٤٨٩ خێزان لێی سوودمەند بوون.

لە پارێزگاى دهۆک ١٥ ملیۆن و ٩٨٦ هەزار و ٨٠٠ لیتر دابەش کراوە و ٧٩ هەزار و ٩٣٤ خێزان لێی سوودمەند بوون.

لە پارێزگاى هەڵەبجەش ٦٣٩ هەزار و ١٤٨ لیتر دابەش کراوە و ٣ هەزار و ١٩٥ خێزان لێی سوودمەند بوون، بەوەش کۆى گشتیی نەوتی دابەشکراو لە هەرێمی کوردستاندا ٧٢ ملیۆن و ٢٣١ هەزار و ٣٤٨ لیتر بووە و ٣٦١ هەزار و ١٥٦ کەس لێی سوودمەند بوون.