حکومەتی هەرێم دەڵێت 'لە ناوچەکانی پەکەکە ماددەی هۆشبەر دەچێنرێت و بازرگانیی پێوەدەکرێت'

26-02-2023 02:55
کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی ئەمڕۆی دیندار زێباری

پەرەگراف

حکومەتی هەرێم تۆمەتی قورسی "چاندنی ماددەی هۆشبەرو بازرگانیی پێوەکردنی" ئاڕاستەی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی پەکەکە دەکات لە قەندیل و ناوچە سنورییەکان.

دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، هەرێم پێشتر ڕێگایەک بووە بۆ گەیاندنی ماددەی هۆشبەر بە ناوچەکانی دیکە، "بەداخەوە ئێستا گەیاندن و ئامادەکردن و چاندن و دابەشکردنیشە، بەداخەوە لە قەندیل و ناوچە سنورییەکان هێزی پەکەکە ڕێگرن لە کۆنتڕۆڵکردنی و بەپێی بەدواداچوونەکان ئەو ناوچانە چاندن و دابەشکردن و گواستنەوەی تێدایە، ناوچەیەکی وڵات کە هێزی فەرمیی تێدا نەبێت ئەو بۆشاییە دروست دەکات".

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، هەرێمی کوردستان لە قۆناغێکی مەترسیداردایەو لە ٢٠١٨ بەدواوە ئامارەکانی ئامارەکانی ماددەی هۆشبەر مەترسیدارن.

"زیاتر لە ٤ هەزار کەس بە تۆمەتی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون و ڕێژەیەکی زۆریان گەنجن و کچ و کوڕی ئالوودەبووی مادەی هۆشبەرن" دیندار زێباری وای وت.