شاندی هەرێم و سەرۆكوەزیرانی عێراق سەبارەت بە بوودجە 'گەیشتنە ڕێككەوتنی سەرەتایی'

27-02-2023 12:21

پەرەگراف

شاندی حكومەتی هەرێم سەبارەت بە پرۆژەیاسای بوودجە لە بەغداد لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆبووەوە. حكومەتی هەرێم دەڵێت "هەردوو لا بۆ چارەسەری كێشەكان گەیشتنە ڕێككەوتنی سەرەتایی".

وەزارەتی دارا حكومەتی هەرێم بڵاوی كردەوە "ڕۆژی یەكشەممە ٢٦ی شوباتی ٢٠٢٣، شاندی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری، ئەندامێتیی ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و خالید چاوشلی، سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم، لە شاری بەغدا لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆبووەوە".

لە كۆبوونەوەكەدا هەریەك لە فواد حوسێن و محەمەد تەمیم، جێگرانی سەرۆكوەزیران و حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق و تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق و بەنگین ڕێكانی، وەزیری ئاوەدانكردنەوەی عێراق ئامادەی بوون.

وەزارەتی دارایی دەڵێت "تاووتوێی پشكی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بوودجەی ساڵی ٢٠٢٣ی عێراق كرا و شاندی هەردوو لا بۆ چارەسەری كێشەكان، گەیشتنە ڕێككەوتنی سەرەتایی".

هەروەها ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، لە هەژماری خۆی لە فەیسبووكە دەڵێت "لە كۆبوونەوەكەدا پاش گفتوگۆكردن دەربارەی بابەتە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، گەیشتینە ڕێككەوتنێكی سەرەتایی لەسەر پرۆژەیاسای بودجە ٢٠٢٣ و لێكتێگەیشتنێكی باش لە نێوان هەردوو لا هەبوو".