پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوەو دەستلەکار کێشانەوەی پەرلەمانتاران دەخرێتە دەنگدانەوە

27-02-2023 02:47

پەرەگراف

ڕۆژی چوارشەممە پشووی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی دێت و دانیشتنەکانی خولی بەهارە دەست پێدەکات و لە یەکەم دانیشتندا دەنگ لەسەر داواکاریی دەستلەکار کێشانەوەی حەوت پەرلەمانتار دەدرێت.

بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەکە کە سەرۆکایەتی پەرلەمان بڵاویکردەوە، هەریەکە لە ٥ پەرلەمانتارەکەی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی و کازم فاروق و عەلی حەمەساڵح دەستلەکار کێشانەوەکانیان دەخرێتە دەنگدانەوە.

ئەو پەرلەمانتارانە وەک ناڕەزاییەک دژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان دەستیان لەکار کێشاوەتەوە، هەرلە چوارچێوەی ناڕەزاییەکاندا فراکسیۆنی کۆمەڵ و نەوەی نوێ بایکۆتی پەرلەمانیان کردووەو ناچنە کۆبوونەوەکانەوە، پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ وەرگرتنی مووچەشیان ڕەتکردووەتەوەو لەسەر داوای خۆیان لە دوای ٦-١١-٢٠٢٢ کە کۆتا ڕۆژی تەمەنی پەرلەمان بوو حساب بانکییەکانیان داخراوە.

ڕۆژی ٩-١٠-٢٠٢٢ بە دەنگی ٨٠ پەرلەمانتار لە فراکسیۆنەکانی پارتی، یەکێتی، گۆڕان و پێکهاتەکان درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک پەسەند کرا.

لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان کۆک بوون لەسەر ئەو داوایەی کە پەرلەمان کارەکانی هەڵپەسێرێت و حکومەت ببێتە کاربەڕێکەر تاوەکو بە زووترین کات هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام پارتی و یەکێتی و گۆڕان گوێیان بەو داوایە نەداو ئەو پێشنیازە تەنها سێ دەنگی بەدەستهێنا کە دەنگی پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ بوو.

نەوەی نوێ لە کۆبوونەوەی درێژکردنەوەی پەرلەماندا ناڕەزایی پیشاندا بە تەپڵ و فیکە لێدان و دژی درێژکردنەوەکە وەستایەوە، فراکسیۆنەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆنیش بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کرد.

لە 30 ساڵی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەنەچووە.

ئێستا پەرلەمان لە خولی پێنجەمی تەمەنیدایەو دەبوو ساڵی ڕابردوو ھەڵبژاردن بکرایە، بەڵام ھێشتا وادەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردن دیار نییە،ئەگەر هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیاندا بکرانایە دەبوو پەرلەمان لە هەشتەمین خولیدا بوایە، پەرلەمانی کوردستان نزیکەی نیوەی تەمەنی بەدرێژکردنەوەی بەسەر بردووە.