شاندێکی نەزاهەی عێراق لە ئیماراتە بۆ هێنانەوەی دوو بەرپرس کە یەکێکیان کوردەو تۆمەتی گەندەڵییان بەسەردا ساخبووەتەوە

27-02-2023 03:16
حەمدیە جاف و نەورەس عەبدولرەزاق ئەلکەسبی.

پەرەگراف

شاندێکی دەستەی نەزاهەی عێراق لە ئیماراتن بە مەبەستی هێنانەوەی دوو بەرپرسی سزادراو بە گەندەڵیی کە لەسەر داوای عێراق لەو وڵاتە دەستگیر کراون و یەکێکیان کوردەو سزای ١٤ ساڵ زیندانیکردنی بۆ دەرچووە.

دەستەی نەزاهەی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، وەفدێكی فەرمانگەی گێڕانەوە لە دەستەکەیان گەیشتووەتە وڵاتی ئیمارات بە ئامانجی تەواوكردنی ڕێوشوێنە یاساییەكان، وەك ئامادەكارییەك بۆ وەرگرتنەوەی دوو سزادراو بەتۆمەتی گەندەڵی كە لە لایەن ئیماراتەوە دەستگیراون.

"وەفدەكە بەڵگەی تەواوی لەبارەی گەندەڵییەكان و بردنی ماڵی گشتی لەلایەن ئەو دوو تۆمەتبارەوە لەگەڵ خۆیدا بردووە، لەگەڵ بڕیارەكانی دادگا سەبارەت بە سزادانیان كە ئەوانیش بەڕێوەبەری پێشوتری بانكی بانکی بازرگانیی عێراق(TBI) و بەڕێوەبەری پێشووتری تەندروستیی بابلە" دەستەی نەزاهە وادەڵێت.

حەمدیە جاف، بەڕێوەبەری پێشوتری بانكی بانکی بازرگانیی عێراق کوردەو یەکێکە لە دەستگیرکراوەکان، تۆمەتی ئەوەی بەسەردا ساخبووەتەوە کە بە بڕی یەک ملیارو زیاتر لە ١١٦ ملیۆن دۆلار زیانی بە موڵکی گشتی گەیاندووە کاتێک لەو پۆستەدا بووە لە ساڵانی ٢٠١١ بۆ ٢٠١٦، حەمدیە جاف لە دادگاکانی عێراق لە ٢٠٢٠ و ٢٠٢١دا سزای ٧ ساڵ زیندانی و ٥ ساڵ زیندانی بۆ دەرکراوە.

٩ی ئەم مانگە دەستەی نەزاهە دەستگیركردنی حەمدیە جافی لە ئیمارات ڕاگەیاند، دەستەکە چەند ڕۆژێک دواتر ئەوەشی ڕاگەیاند کە هەوڵەكانی سەركەوتوو بووە لە دەستگیركردنی نەورەس عەبدولرەزق ئەلکەسبی بەڕێوەبەری پێشوتری تەندروستی بابل لە ئیمارات كە بەهەمانشێوە تاوانبارە بە زیانگەیاندن بە ماڵی گشتی و دادگا حوکمی سێ ساڵ زیندانیکردنی بۆ دەرکردووە.