مامۆستایانی وانەبێژ بۆ ١٧هەمین جار لە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران لە هەولێر خۆپیشاندانیان ئەنجامدا

27-02-2023 04:13
خۆپیشاندانی ئەمڕۆی مامۆستایانی وانەبێژ لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران.

پەرەگراف

بە دروشمی "بەڵێ بۆ دامەزراندن.. قوتابی وا فێر ناکرێت.. وانەبێژ مافی دەوێت" مامۆستایانی وانەبێژ جارێکی دیکە لە بەردەم بینای ئەنجومەنی وەزیران لە هەولێر خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و هاوار دەکەن بۆ دامەزراندن.

نوێنەری مامۆستایان بە ڕۆژنامەنووسانی وت، بۆ ١٧هەمینجارە لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران خۆپیشاندان دەکەن و ٣٨ جار لە بەردەم پەروەردەکانیش ناڕەزاییان دەربڕیوە و زیاتر لە ٥٦٠ یاداشتیان داوەتە لایەنی پەیوەندیدار بەڵام زۆر بێباکن بەرامبەر داواکارییەکەیان.

"لە سەرەتای کابینەی ٩ی حکومەت ١٧ هەزار مامۆستای وانەبێژ هەبوون، ئێستا ٣٥ هەزارو ٥٦٠ مامۆستای وانەبێژ هەن، وابڕوات چەند ساڵێکی دیکە دەبێت ناوی وەزارەتی پەروەردە بکرێتە وەزارەتی مامۆستایانی وانەبێژ، لە سێکتەرەکانی دیکە دامەزراندن هەیەو تەنها مامۆستایانی وانەبێژ ناگرێتەوە" نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ وای وت.

مامۆستایانی وانەبێژ ڕەخنەیان لە بێدەنگیی و بەدەمەوەنەچوونی حکومەت گرت داواکارییەکەیان و سوورن لەسەر ئەوەی بەردەوام دەبن لەسەر ناڕەزاییەکانیان.

مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان لەسەدا 30ی بۆشاییەكانی كەرتی پەروەردەیان پڕكردووەتەوە.