پەكەكە بانگەشەی دەستگیركردنی ئەندامێكی لە سلێمانی لەلایەن میتەوە ڕەت ‏دەكاتەوە

28-02-2023 02:55

پەرەگراف

دەزگای هەواڵگریی توركیا بانگەشەی "دەستگیركردنی ئەندامێكی پەكەكە لە ‏سلێمانی و گەڕاندنەوەی بۆ توركیا" دەكات، پەكەكەش ڕەتی دەكاتەوە و دەڵێت ‏ئەو كەسە "ڕیزەكانی ئێمەی جێهێشتووە و خۆی ڕادەستی دەوڵەتی تورك ‏كردووە".‏

ئەمڕۆ ئاژانسی ئەنادۆڵی توركی بڵاوی كردەوە كە دەزگای هەواڵگریی ‏نیشتمانیی توركیا‎ (MİT) ‎لە ئۆپەراسیۆنێكیدا لە شاری سلێمانی، ڕەمەزان ‏گونەش، ئەندامی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە)ی دەستگیر كردووە.‏

ئاژانسەكە زانیاریی وردی لەسەر ئۆپەراسیۆنەكە و كاتی دەستگیركردنی ئەو ‏كەسە بڵاو نەكردووەتەوە، بەڵام دەڵێت "دوای ئەوەی بۆ ماوەی نزیكەی ساڵێك ‏چاودێری كرا، لە ئۆپەراسیۆنێكی میتدا دەستگیر كرا و برایەوە بۆ توركیا".‏

ناوەندی ڕاگەیاندنی و چاپەمەنیی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، لە ‏ڕاگەیەندراوێكدا هەواڵەكەی بە "دوور لە ڕاستی" ناو برد و دەبارەی ڕەمەزان ‏گونەش دەڵێت "سێ ساڵ پێش ئێستا ڕیزەكانی ئێمەی جێهێشتووە، پاشان ‏هاوسەرگیریی كرد و لە باشووری كوردستان نیشتەجێ بووە و هیچ ‏پەیوەندییەكی بە بزووتنەوەكەمانەوە نەماوە".‏

وەكوو هەپەگە باسی دەكات "گونەش دوو مانگ لەمەوبەر لە شاری دهۆك لە ‏باشووری كوردستان، خۆی ڕادەستی دەوڵەتی تورك كردووە".‏

ئەنادۆڵ بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە هێزە ئەمنییەكانی توركیاوە ‏وەریگرتووە، دەڵێت "ڕەمەزان گونەش كە ناوە نهێییەكەی ‏‏(شۆڕش/شۆڕشگێڕ)ـە، ساڵی ٢٠٠٨ پەیوەندیی بە پەكەكە/كەجەكە كردووە و ‏ئەندامی هێزی تایبەتە".‏

‏"گونەش بەرپرسە لە ١٢ كردە لە نێوان ساڵانی ٢٠١١-٢٠١٧دا لە قەزای ‏چوكورجای هەكاری، كە بەهۆیەوە ٥٧ سەرباز و پۆلیسێك و دوو گوند پارێز ‏گیانیان لەدەست دا"، ئاژانسە توركییەكە وا دەڵێت.‏

ناوەندی ڕاگەیاندنی و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل لە كۆتایی ‏ڕاگەیەندراوەكەدا دەڵێت "میتی تورك بە سیناریۆیەكی درۆ و ساختە، هەوڵ ‏دەدات پرۆسەكە وەك سەركەوتنی خۆی نیشان بدات، با گەلی ‏نیشتمانپەروەرمان و ڕای گشتی توركیا گوێ بە هەواڵە ناڕاستەكانی میت و ‏میدیای شەڕی تایبەتی تورك نەدەن".‏