پارتی و یەكێتی دەربارەی یاسای هەڵبژاردن لەسەر چەند خاڵێك ‏ڕێككەوتن؛ كورسیی كۆتاكان خاڵی سەرەكیی ناكۆكییە

28-02-2023 05:36

پەرەگراف

دەزگاكانی هەڵبژاردنی پارتی و یەكێتی لەسەر ژمارەیەك خاڵ بۆ ‏هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن گەیشتنە ڕێككەوتنی سەرەتایی و ‏كورسیی كۆتاكان خاڵی سەرەكیی ناكۆكیی نێوانیانە. بۆ "پرس و ‏ڕاوێژ"یش بە هاوبەشی سەردانی لایەنەكانی دیكە دەكەن.‏

هەردوو لا ڕێككەوتوون كە "هەرێمی كوردستان بكرێت بە چوار بازنەی ‏هەڵبژاردن، هەڵبژاردن نیوە بە لیستی كراوە و نیوە بە لیستی داخراو ‏بێت،‎ ‎ژمارەی كورسیی بازنەكان لەسەر بنەمای ئاماری وەزارەتی ‏بازرگانیی عێراق بێت، هەماهەنگی لەگەڵ كۆمیسیۆنی عێراق بۆ ‏سوودوەرگرتن لە لیستی دەنگدەرانی عێراق بكرێت".‏

پاش كۆبوونەوەی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و یەكێتی لە هەولێر، ‏سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی و جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ‏پەرلەمانی كوردستان، كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییان ئەنجام دا.‏

لوقمان وەردی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی، ڕایگەیاند "لەسەر ‏زۆربەی خاڵەكان لێكتێگەیشتنی هاوبەش هەبوو، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم ‏پرسە نیشتمانییە و پەیوەندیدارە بە هێزە سیاسییەكانی تر و خەڵكی ‏كوردستان، بڕیار درا لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی تریش ڕاوێژ بكرێت، بۆ ‏ئەوەی هەموو لایەكمان بگەین بە ڕێككەوتنی كۆتایی".‏

"ڕێككەوتنمان كردووە لەسەر ئەوەی كە كوردستان دەكرێت بە چوار ‏بازنەی هەڵبژاردن، داتای حكومەتی فیدراڵی بۆ دابەشكردنی كورسییەكان ‏بەكار دەهێنرێت، بەڵام تێڕوانینی جیاواز هەیە لەسەر شێوازی ‏دابەشكردنی كورسیی كۆتاكان بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا"، جێگری ‏سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی وای وت.‏

هەرچەندە لوقمان وەردی جەختی كردەوە كە "لەسەر كاراكردنەوەی ‏كۆمیسیۆن، شێوازی هەڵبژاردنی لیست و لەسەر كۆی پرسەكان و زۆرینەی ‏هەرەزۆری خاڵەكان ڕێككەوتین"، بەڵاو وتیشی "چەند خاڵێكی كەم ‏ماوە".‏

هەروەها زانا مەلا خالید، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی، وتی "كۆبووینەوە ‏بۆ ئەوەی هەنگاوەكانی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی ‏كوردستان دەست پێ‌ بكەین، ئەو خاڵە ناكۆكانەی لە نێوان پارتی و ‏یەكێتیدا هەن و لە گفتوگۆی دوو ساڵی ڕابردووی نێوان فراكسیۆنەكان ‏نەگەیشتووین بە ئەنجام، بتوانین لە كۆبوونەوەی هەردوو دەزگای ‏هەڵبژارداندا ڕێككەوتنی لەسەر بكرێت".‏

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی وتیشی "بۆ ڕەچاوكردنی ڕا و سەرنجی لایەنە ‏سیاسییەكانی دیكە، بڕیارمان دا دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و یەكێتی ‏پێكەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان كۆببینەوە".‏

جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیش دەڵێت "لەبەر ئەوەی ئەم پرسە ‏نیشتمانییە و پەیوەندیدارە بە هێزە سیاسییەكانی تر و خەڵكی ‏كوردستان، بڕیار درا لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی تریش ڕاوێژ بكرێت، بۆ ‏ئەوەی هەموو لایەكمان بگەین بە ڕێككەوتنی كۆتایی".‏

بڕیارە شاندی هاوبەشی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و یەكێتی ڕۆژی ‏شەممەی داهاتوو كۆبوونەوەی دووەمیان ئەنجام بدەن. زانا مەلا خالید ‏دەڵێت "جیاوازیی ئێمە و یەكێتی ماوەتەوە بۆ كۆبوونەوەی داهاتوو و ‏وەرگرتنی ڕاو و سەرنجی پێكهاتەكان و لایەنە سیاسییەكانی دیكە".‏