پەرەگراف
مەسعود بارزانی جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەماوەی ئەمساڵدا.
ئەو وتانەی سەرۆکی پارتی، لە کۆبوونەوەیەکی ئەمڕۆیدا بووە لەگەڵ شاندێکی حکومەتی بەریتانیا بە سەرۆکایەتیی لۆرد ئەحمەد وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا و باشووری ئاسیا و نەتەوە یەکگرتووەکان لە وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەو باڵیۆزو کونسوڵی بەریتانیا لە ھەرێم.
بارەگای بارزانی دەڵێت، لەو دیدارە ڕۆشنایی خرایەسەر دۆخی ناوخۆی ھەرێم و بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە و باسیش لە دوایین پێشهاتەکانی ناو پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق کرا.
جەخت کردنەوەی بارزانی لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لەکاتێکدایە، وڵاتانی ڕۆژئاواو نەتەوەیەکگرتووەکان فشاریان کردووە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن و ڕەخنەی تووندیان لەسەر دواخستنی ھەیە ئەوەش بەھۆی ناکۆکیی نێوان حیزبەکانەوە.
ھەر بە مەبەستی ئەنجامدانی ھەڵبژاردن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان سەردانی لایەنە سیاسییەکان دەکات بۆ وەرگرتنی ڕایان لەسەردیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆکی ھەرێمەوە.
دوێنێش هەردوو دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و یەکێتی کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن و ئەو ناکۆکییانەی لەسەر پڕۆسەی هەڵبژاردن هەیانە.
پارتی و یەکێتی لەسەر ژمارەیەك خاڵ بۆ هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن گەیشتنە ڕێككەوتنی سەرەتایی، ھێشتا كورسیی كۆتاكان خاڵی سەرەكیی ناكۆكیی نێوانیانە. بۆ "پرس و ڕاوێژ"یش بە هاوبەشی سەردانی لایەنەكانی دیكە دەكەن.
هەردوو لا ڕێككەوتوون كە "هەرێمی كوردستان بكرێت بە چوار بازنەی هەڵبژاردن، هەڵبژاردن نیوە بە لیستی كراوە و نیوە بە لیستی داخراوبێت، ژمارەی كورسیی بازنەكان لەسەر بنەمای ئاماری وەزارەتی بازرگانیی عێراق بێت، هەماهەنگی لەگەڵ كۆمیسیۆنی عێراق بۆ سوود وەرگرتن لە لیستی دەنگدەرانی عێراق بكرێت".