دەربەندیخانییەكان لە مانگرتن و خۆپیشاندان بەردەوامن؛ متمانەیان بە ‏بەڵێنی بەرپرسان نییە

01-03-2023 03:01

پەرەگراف

مانگرتنی سەرتاسەری و خۆپیشاندانی فراوان لە قەزای دەربەندیخان ‏بەڕێوە چوو. سەرەڕای بەڵێنی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی بۆ چارەسەری ‏كێشەكان، بەڵام چالاكان و هاووڵاتیانی قەزاكە دەڵێن متمانەیان بە ‏بەڵێنەكان نییە و لە ناڕەزایەتی بەردەوام دەبن.‏

پاش یەك مانگ لە مانگرتن و چالاكی و گردبوونەوەی بەردەوام، ئەمڕۆ ‏مانگرتنی سەرتاسەری لە دەربەندیخان ڕاگەیەندرا و بازاڕ و دووكانەكان ‏نەكرانەوە. هاوكات سەدان كەس بەشدارییان لە خۆپیشاندانی فراوانی ‏قەزاكەدا كرد كە لە مەیدانی ئازادیی دەربەندیخان بەڕێوە چوو هەر و ‏بەردەوامە.‏

داواكاریی هاووڵاتیانی دەربەندیخان "دابینكردنی ئاوی پاكژ بۆ خواردنەوە، ‏زیادكردنی كارەبای نیشتمانی، چارەسەركردنی كێشەكانی كەرتی ‏تەندروستی و ڕێگاوبان"ـە.‏

سڵێمان محەمەد سەعید، قایمقامی دەربەندیخان، بەشداریی لە ‏خۆپیشاندانەكەدا كرد و ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لە نووسنگەی جێگری سەرۆكی ‏حكومەتەوە پێی ڕاگەیەندراوە كە "١٠ ملیۆن دۆلار بۆ چارەسەركردنی ‏كێشەی ناپاكژیی ئاوی دەربەندیخان تەرخان كراوە و گرفتی پارەی ‏نەختینە لە بانكەكان بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە نییە".‏

قائیمقامی دەربەندیخان وتیشی، لەمڕۆوە دەست بە كاركردن لە هۆڵی ‏نەشتەرگەریی تەندروستیی دەربەندیخاندا كراوەتەوە كە بەهۆی ‏بوومەلەرزەكەی ساڵی 2017ـەوە بیناكەی كێشەی بۆ دروست بوو بوو.‏

ناوبراو وتیشی، نووسنگەی قوباد تاڵەبانی داوای كردووە كە نوێنەری ‏خۆپیشاندەران و چالاكان سەردانی بكەن بۆ ئەوەی گرەنتیی ‏جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان پێ‌ بدات.‏

بەڵام بەشێك لە خۆپیشاندەران و چالاكان دەڵێن "متمانەمان بە ‏بەڵێنەكانی حكومەت نییە، چونكە پێشتریش بەڵێن دراوە و جێبەجێ‌ ‏نەكراوە".‏

ئەوان جەخت دەكەنەوە تا جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان لە ‏خۆپیشاندان و ناڕٍەزایەتی بەردەوام دەبن.‏