بافڵ تاڵەبانی: ئەوەی بیستومانە پارتی دەیەوێت بیکات ھەڵبژاردن دەبێت بە کێشەو ڕەنگە ھەر نەکرێت

01-03-2023 03:45
بافڵ تاڵەبانی لە کۆڕبەندەکە. وێنە؛ پەرەگراف

پەرەگراف

بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند ئامادەن بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن، بەڵام ئەوەی بیستوویانە پارتی بەنیازە بیکات ئەوا ھەڵبژاردن دەبێتە کێشەو ڕەنگە ھەر نەکرێت.

ئەو وتانەی سەرۆکی یەکێتی لە دووەمین کۆڕبەندی ھەولێر بوو کەناوەندی لێکۆڵینەوەی ڕووداو ئەنجامیدا، بافڵ تاڵەبانی بەبێ ئەوەی ئاشکرای بکات کە چی بیستووە لەبارەی ئەوەی پارتی بەنیازە بیکات، وتی: ئەگەر گەمەی بچوکی منداڵانە نەکەن، یەکێتی ئامادەیە بۆ ھەڵبژاردن و گەشبینیشن.

لەبارەی کێشەکانیان لەگەڵ پارتی، بافڵ تاڵەبانی وتی، کێشەکانیان زۆربچووکن و بە پێنج خولەک چارەسەر دەکرێن و ئامادەن بۆ ھەموو ھەنگاوێک و، لەگەڵ بەشێکی حکومەت کێشەیان ھەیە نەک لەگەڵ ھەمووپارتی.

بافڵ تاڵەبانی جەختی کردەوە کە تیمی وەزاریی یەکێتی ناگەڕێتەوە بۆ کۆبوونەوەکانی حکومەت ھەتا لێکتێگەیشتنێکیان نەبێت، وتیشی: بۆچی کەس تەلەفۆنێک بۆ قوباد تاڵەبانی ناکات بڵێت بۆ ناچێتەوە بۆ کۆبوونەوەی حکومەت.

"کێشەکە خەتای ھەموو لایەکەو پێویستە پێکەوە چارەسەری بکەین. دەرگامان کراوەیە بۆ گفتوگۆ و دەستپێشخەرییەکان بۆ کۆبوونەوە ئێمە کردومانە. یەکێتی ئەم دۆخەی زۆر پێناخۆشەو میللەت زەرەر دەکات" سەرۆکی یەکێتی وای وت.

بافڵ تاڵەبانی وتیشی "ئەمریکی و بیانییەکان ھەموو ڕۆژێک پێمان دەڵێن ئێوە لە ھەموو شتێکدا بۆ دواوە دەڕۆن لە مافی مرۆڤەوە ھەتا ھەمو شتەکانی دیکە".