سەرۆكی هەرێم: پرۆسەی چاكسازی و ڕێكخستن و یەكخستنەوەی پێشمەرگە سەر دەخەین

02-03-2023 01:47

پەرەگراف

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوە لەگەڵ فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا، ڕایگەیاند "پرۆسەی چاكسازی و ڕێكخستن و یەكخستنەوەی پێشمەرگە سەر دەخەین".

نێچیرڤان بارزانی بەیانیی ئەمڕۆ پێشوازیی لە جەنەراڵ ماتیو ماكفارلان كردووە و سەرۆكایەتیی هەرێم دەڵێت "لە كۆبوونەوەیەكدا هەنگاوەكانی پرۆسەی چاكسازی و ڕێكخستنەوەی پێشمەرگە، دوایین پێشهاتەكانی شەڕی دژی تیرۆر و هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوی تیرۆر، تاوتوێ كران".

سەرۆكی هەرێم لە كۆبوونەوەكەدا دانی بە بوونی ڕێگری لە پرۆسەی ڕێكخستنەوە و یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەدا ناوە و ڕایگەیاندووە "وێڕای بەربەست و كێشەكان، وەزارەتی پێشمەرگە پابەندە و لە پرۆسەی چاكسازی و ڕێكخستن و یەكخستنەوەی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت".

بەپێی ڕاگەیەندراوی سەرۆكایەتیی هەرێم "هەردوولا هاوڕا بوون كە هێشتا داعش لە عێراق و سووریا مەترسییەكی ڕاستەقینەیە و هەڕەشە لە ئارامی و سەقامگیری دەكات، بۆ ئەم مەبەستەش جەخت لە گرنگیی بەردەوامیی پشتگیریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و هەرێمی كوردستان و هاریكاری و هەماهەنگیی پێشمەرگە و سوپای عێراق كرایەوە‌".

هەر لە كۆبوونەوەكەدا "پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا، دۆخی كەمپی هۆڵ لە سووریا و دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكە بەگشتی" گفتوگۆیان لەبارەوە كراوە.

پرۆسەی ڕێكخستنەوە و یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە كە لەلایەن هاوپەیمانانەوە پاڵپشتی و سەرپەرشتی دەكرێت، چەند ساڵێكە بەردەوامە، بەڵام بەهۆی دەستوەردانی یەكێتی و پارتییەوە بەردەوام لەمپەری بۆ دروست بووە. چەند جارێكیش هاوپەیمانان لەوبارەیەوە هۆشدارییان داوەتە بەرپرسانی هەرێم.