خۆپیشاندەرانی دەربەندیخان و نووسینگەی قوباد تاڵەبانی گەیشتنە ڕێككەوتنێكی پێنج خاڵی بۆ چارەسەری كێشەكان

02-03-2023 04:55
خۆپیشاندانەکانى ڕۆژى ١-٣-٢٠٢٣ى دەربەندیخان

پەرەگراف

دەستەی سەرپەرشتیاری ناڕەزایەتییەكانی دەربەندیخان و نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، سەبارەت بە چارەسەركردنی كێشەكانی قەزای دەربەندیخان كۆبوونەوە و بە پێنج خاڵ بڕیاری چارەسەری كێشەكان دراوە.

بەپێی كۆنووسی كۆبوونەوەكە كە وێنەیەكی دەست پەرەگراف كەوتووە، نووسینگەی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم جەختی لە بەڵێنەكەی بۆ خەرجكردنی 10 ملیۆن دۆلار بۆ تەواوكردنی پرۆژەی ئاوی پاكی خواردنەوە بۆ دەربەندیخان، كە لەلایەن كۆمپانیای (ئاڕ كی تێكت) جێبەجێ‌ دەكرێت.

هەروەها كۆمپانیای (ئاڕ كی تێكت) لەلایەن نووسینگەی قوباد تاڵەبانییەوە ڕاسپێردراوە بۆ بەردەوامبوون لەسەر نۆژەنكردنەوەی هۆڵی نەشتەرگەری و بەشی مانەوەی پزیشكەكانی نەخۆشخانەی گشتیی شەهید تۆفیق لە دەربەندیخان.

دەستەی سەرپەرشتیاری ناڕەزایەتییەكانی دەربەندیخان و نووسینگەی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم چاودێریی جێبەجێكردنی خاڵەكانی كۆنووسی كۆبوونەوەكە دەكەن، لە كاتی بوونی كێشەدا كۆدەبنەوە.

وەكوو لە خاڵی پێنجەمی كۆنووسی كۆبوونەوەكەدا هاتووە، لە سەردانی ڕۆژی 14-2-2023ی مامۆستایانی ئایینی و كەسایەتییەكانی دەربەندیخان بۆ نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، بڕیار لەسەر زیادكردنی كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبای دەربەندیخان كراوە و پێدانی كارەبای نیشتمانی بەو شێوەیە بەردەوام دەبێت.

ماوەی زیاتر لە یەك مانگە چالاكان و هاووڵاتیانی قەزای دەربەندیخان لە مانگرتن و خۆپیشاندان بەردەوامن و دوێنێ‌ مانگرتنی سەرتاسەری و خۆپیشاندانی فراوانیان ئەنجام دا.

وەكوو خۆیان دەڵێن، داواكاریی هاووڵاتیانی دەربەندیخان "دابینكردنی ئاوی پاكژ بۆ خواردنەوە، ‏زیادكردنی كارەبای نیشتمانی، چارەسەركردنی كێشەكانی كەرتی ‏تەندروستی و ڕێگاوبان"ـە.‏

پاش بەڵێنی قوباد تاڵەبانی بۆ چارەسەری كێشەكان، دەستەی سەرپەرشتیاری ناڕەزایەتییەكانی دەربەندیخان مانگرتن و خۆپیشاندانەكانی هەڵپەساردووە.