نێچیرڤان بارزانی: قووڵایی ستراتیژیی كورد بەغدایە و هیچ شوێنێكی تر نییە

02-03-2023 05:31

پەرەگراف

سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند "ئێمە لە هەرێمی كوردستان بەردەوام تەئكیدمان لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە قووڵایی ستراتیژیی كورد بەغدایە و هیچ شوێنێكی تر نییە". هاوكات داوا لە قوباد تاڵەبانی و تیمی یەكێتی دەكات بگەڕێنەوە بۆ كۆبووونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەشداریی لە كۆڕبەندی هەولێر كرد و سەبارەت بە كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا وتی "هەموو شتێك خەتای بەغدا و هەموو شتێكیش خەتای هەرێم نەبووە، بەڵام هیوادارم هەردوو لا دەرس لە هەڵەكانمان وەربگرین".

سەرۆكی هەرێم بوونی یاساكانی "بوودجە، نەوت و غاز، دابەشكردنی داهات"ی بە "زۆر گرنگ بۆ سەقامگیریى سیاسى و ئابوورى" لە عێراق ناو برد.

سەبارەت بە كێشەكانی نێوان پارتی و یەكێتیش، نێچیرڤان بارزانی وتی "ناكۆكییەكان لە هەرێمی كوردستاندا سیاسین، بە دڵنیایی نابێتە بەریەككەوتنی سەربازی و هەموو لایەنەكان بە تایبەت پارتی و یەكێتی دەمێكە ئەو قۆناغەیان جێهێشتووە".

وتیشی "ئەم كۆنفرانسە بە دەرفەت دەبینم كە داوا لە كاك قوباد و تیمی یەكێتی لە حكومەتدا بكەم بگەڕێنەوە بۆ ناو ئەنجوومەنی وەزیران".

"نیگەرانییەكانی یەكێتی لە هەموو ئاستەكاندا بە سەرۆكایەتیی هەرێمیشەوە بە جیددی وەرگیراوە، بەڵام چارەسەر ئەوەیە جێگری سەرۆكی حكومەت بگەڕێتەوە بۆ كۆبوونەوەكان"، نێچیرڤان بارزانی وای وت.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان جەختی كردەوە كە "هیوادارم برادەران ئەم پەیامەی منیان گوێ‌ لێ‌ بێت و بە زووترین كات بگەڕێنەوە بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان".