پارتی: سوورین لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن، لەگەڵ چیتر دواكەوتنی نیین

02-03-2023 06:05

پەرەگراف

پارتی "سووربوون"ی خۆی لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دووپات دەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت "بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ چیتر دواكەوتنی ئەو پرۆسە گرنگە نیین".

كۆمیتەی ناوەندیی پارتی كە باڵاترین ئۆرگانی حیزبەكەیە، ئەمڕۆ بە سەرپەرشتیی مەسعود بارزانی كۆبووەوەتەوە و لەگەڵ جەختكردنەوە لە هەڵبژاردن لەمساڵدا، دەڵێت "ئەوەشی كە ڕووی دا بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، پارتیمان لە ڕووی ناچاری لەگەڵیدا بوو، بۆ ئەوەی بۆشایی یاسایی بۆ ئۆرگانەكانی هەرێم دروست نەبێت".

كۆمیتەی ناوەندیی پارتی داوایشی لە سەرۆكی هەرێم كردووە كە "بەگوێرەی یاسا، ڕۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاری بكات".

دەقی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی:

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2ی ئاداری 2023، بە سەرپەرشتیی سەرۆك مەسعود بارزانی، كۆمیتەی ناوەندیی پارتیمان، كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.

كۆبوونەوە دوای ساتێك وەستان و نواندنی رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی كوردستان سەروەریان بارزانی نەمر و كاك ئیدریسی هەمیشە لەیاد، بەگوێرەی خشتەی ئامادەكراو ئەو تەوەرانەی خوارەوەی تاوتوێی كرد و بڕیاری پێویست سەبارەت بە چەند بابەتێك وەرگیرا:

- بابەتی پرۆسەی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانمان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی، پارتیمان بەگوێرەی رێككەوتنێكی سیاسی بە هاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت بەشداری پێكهێنانی كابینەی بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی كردووە، بە سازان كارنامەیەكی هاوبەش ئامادەكراوە كە ویست و بۆچوونی لایەنەكانی بەشدار لە كابینەی نوێی بە روونی تێیدا رەنگی داوەتەوە، كۆبوونەوە پشتیوانی بۆ سەرۆكوەزیران و كابینەكەی دووپاتكردەوە و چاوەڕوانی جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی رێككەوتنەكان و بڕگە و خاڵەكانی كارنامە پەسەندكراوەكەین، بۆ ئەم مەبەستەش لایەنە پەیوەندیدارەكان راسپێردران بۆ بەدواداچوون و لەبەرچاوگرتنی ئەو كاتەی بۆ جێبەجێكردنی دیاریكراوە.

- بابەتی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ لایەنەكانی بەشدار لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا، گۆڕانكاری و رووداوەكانی ناوچەكە بەگشتی و عێراق بەتایبەتی پێویستی بە هەڵێو‌ستەكردن و لێكدانەوەی سیاسی جدین، بۆیە لەلایەن سەرۆك بارزانی و پارتیمان بەردەوام هەڵسەنگاندن بۆ ئەو بابەتانە دەكرێت، كە بەشێك لەم گۆڕانكاری و رووداوانە راستەوخۆ یان نا راستەوخۆ كاریگەریان دەبێت لە دروستكردنی ئاڵۆزی سیاسی یاخود ئابووری و ئەمنی، بۆ ئەم مەبەستە پێویستە ئاڵنگاری و چارەسەریەكانیان بزاندرێت و لەگەڵ لایەنەكانی بەشدار لە ئیدارەی دەوڵەت هەماهەنگی و بیروڕاگۆڕینەوەی بەردەوام هەبێت بەتایبەتی كە بەشێك لەو كێشە و گرفتانەی دێنەپێش پەیوەندییان بە بژێوی هاووڵاتییان و ئاسایشیی كۆمەڵایەتییەوە هەیە، كۆبوونەوە هەڤاڵانی پەیوەندیداری راسپارد بۆ ئامادەگی تەواو و جێبەجێكردنی ئەوەی كە پێویستە لەو بارەوە.

- بابەتی پەیوەندییەكانی ناوخۆ و دەرەوەی كوردستان، لەژێر رۆشنایی بڕیاری پێشوومان بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێ لە پەیوەندییەكان، هەڵسەنگاندنی وردكرا بۆ هەنگاوەكان، لەو بارەیەوە سەردانی شاندی پارتیمان بۆ لای حیزب و لایەن و پێكهاتەكانی كوردستان خرایە بەرباس و گفتوگۆكردن و بە پەسەندزانرا ئەو هەنگاوانە بەردەوامیان هەبێت و پرۆسەكە پەرەی پێبدرێت، هاوكات پەرە بە پەیوەندییەكانی دەرەوەمان بدەین.

- بابەتی سەردان و دانوستانەكانی شاندی حكومەتی هەرێم لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ لە بواری بودجە و یاسای نەوت و غاز و پرسی پێشمەرگە و رەشنووسی یاسای ئەنجوومەنی فیدراڵی گەیشتووەتە قۆناغێكی باش و لەهەردوولا تێگەیشتن و گەیشتن بە چارەسەری هاوبەش دەبینرێت، كۆبوونەوە سوپاسی هەوڵ و كۆششەكانی حكومەتی هەرێم و شاندەكەی كرد بۆ ئەم بابەتە گرنگە.

- سەبارەت بە رێككەوتنی شنگال، چەند ساڵێكە ئەم رێككەوتنە كراوە كە چارەسەرێكی گونجاوە و لە سوودی هاووڵاتییانی دەڤەری شنگاله، بەڵام ‌هەندێك لایەنی ناوخۆیی و دەرەكی ئاستەنگیان بۆ جێبەجێكردنی خاڵەكانی رێككەوتنەكە دروستكردووە و كێشەكان بە چارەسەرنەكراوی ماونەتەوە، كۆبوونەوە ئاماژەی بەوەشدا كە هەندێ لایەن دەیانەوێت بەشێوەیەكی دیكە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە گرنگە بكەن كە ئەمەش دەبێتە هۆی چەقبەستووی بۆ چارەسەری و ئاڵۆزی زیاتری لێدەكەوێتەوە، بۆ ئەم مەبەستە لیژنەیەكی تایبەت لە هەڤاڵانی پەیوەندیدار پێكهات بۆ دیاریكردنی هەنگاوەكان لە روانگە و چوارچێوەی ئەو رێككەوتنەی ئەنجامدراوە، لەپێناو جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە بە سوودی هاووڵاتییانی شنگال و قەرەبووكردنەوەی بەشێكی ئەو هەموو نەهامەتی و ناخۆشیانەی كە بەسەریاندا هاتووە.

- بابەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان گفتوگۆی پێویست و تێروتەسەلی لەبارەوە كرا، سووربوونی پارتیمان دووپاتكرایەوە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراودا بۆ ئەمەش بەڕێز سەرۆكی هەرێم بەگوێرەی یاسا رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاریبكات و بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ چیتر دواكەوتنی ئەو پرۆسە گرنگە نین و ئەوەشی كە ڕوویدا بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، پارتیمان لە رووی ناچاری لەگەڵیدابوو بۆ ئەوەی بۆشایی یاسایی بۆ ئۆرگانەكانی هەرێم دروستنەبێت، بۆ ئەم مەبەستەش هەنگاوەكانی بەشی هەڵبژاردنی مەكتەبی سیاسیی پارتیمان بەباشزانرا و داوایان لێكرا كە بەردەوامبن لە هەوڵ و هەنگاوەكانیان، هاوكات هەڤاڵانمان لە فراكسیۆنی پارتیمان لە پەرلەمان كاری پێویست بكەن بۆ زەمینە خۆشكردنی رێككارە یاساییەكان و لادانی بەربەستەكان لەبەردەم پرۆسەی هەڵبژاردندا.

- تەوەرێكی دیكە‌ی كۆبوونەوە تایبەتكرا بە پرۆسەی بەهاناوەچوونی حكومەتی هەرێمی كوردستان و دەزگای خێرخوازی بارزانی و هاووڵاتییانی هەرێم بەگشتی لەكاتی روودانی بوومەلەرزەكان لە وڵاتانی توركیا و سووریا و گەیاندنی خزمەتگوزاری و هاوكاری بۆ لێقەوماوان لە هەموو روویەكەوە، كۆبوونەوە سوپاس و پێزانینی دەربڕی و ئەو هەڵوێست و هەنگاوەی حكومەت و دەزگای خێرخوازی بارزانی و هاووڵاتییانی كوردستانی بەرزنرخاند.

- لە كۆتاییدا، كۆبوونەوە هەڵسەنگاندنی بۆ هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی بریارەكانی دوای كۆنگرەی 14ی پارتیمان كرد كە زۆربەیان جێبەجێكراون و ئەو بابەتانەشی كە ماون لە زووترین كاتدا جێبەجێ دەكرێن.

شایەنی ئاماژەیە كۆبوونەوە لە كەش و هەوایەكی هەڤاڵانە و هەست بە بەرپرسیاریەتی بەڕێوەچوو.