ئاڵۆزییەكانی زینی وەرتێ؛ هەڵوێستی پەكەكە، حكومەتی هەرێم، پارتی‌و یەكێتی

17-04-2020 08:44
موراد قەرەیلان - مەسرور بارزانی - لاهور شێخ جەنگی

پەرەگراف

ئاڵۆزیی‌ نێوان لایەنە سیاسییەكان لەسەر جێگیركردنی هێز لە زینی وەرتێ بەردەوامە، زانیاریی نوێ ئاشكرا كراو لایەنەكان هێرشی تووند دەكەنەسەر یەكتریی تا ڕادەی ئاڕاستەكردنی تۆمەتی قورس.

لە نوێترین پێشهاتدا، كەجەكە هێرشی تووند دەكاتەسەر پارتی دیموكراتی كوردستان‌و تۆمەتباری دەكات بە كاركردن لە چوارچێوەی پلانێكی توركیا دژی پەكەكە، ئەوە ئاشكرا دەكات لە هێرشی فڕۆكەكانی توركیا لە زینی وەرتێ 3 گەریلایان شەهیدبووە، داوا دەكات هێزی پارتی لەو ناوچەیە بكشێتەوە، دەڵێت "زانیاریی شوێنی گەریلاكان لە ڕەبایەكەی پارتییەوە دراوە".

لەگەڵ بەردەوامیی ئاڵۆزییەكان، ئەمڕۆ مەسرور بارزانی ڕەتیكردەوە جگە لە هێزی پێشمەرگە هیچ هێزێكی دیكە ڕەوانەی ئەو ناوچەیە كرابێت‌و ئاڵۆزییەكانی بەستەوە بە ئاڕاستەیەكی ناو یەكێتی‌و بە "یاخیبوونی تاقمێكی دیاریكراو بەرامبەر بە حكومەت" لە قەڵەمی دا.

لایخۆیەوە مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئامادەیی بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە پیشاندا‌و داوا لەسەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكات وەك فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگە، بەپەلە فەرمانی كشاندنەوەی گشت هێزەكان لە زینی وەرتێ بدات‌و ئاسایشی ناوچەكە بە هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ بسپێرێت.

كەجەكە هەڵوێستی تووندی ڕاگەیاند

هاوسەرۆكایەتی كۆنسەی بەڕێوبەری كۆما جڤاكین كوردستان - كەجەكە، ئەمڕۆ ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی ئاڵۆزییەكانی ڕۆژانی ڕابردوو، هێرشەكانی توركیاو دۆخی زینی وەرتێ بڵاوكردەوەو تێیدا دەڵێت "لە زینی وەرتێ كە پارتی دەیەوێت بە دروستكردنی بارەگا لەوێ، گەریلا گەمارۆ بدات، لە هێرشی فڕۆكەكاندا سێ گەریلامان شەهید بوون".

كەجەكە ئەوەش دەخاتە ڕوو، یەكینەیەكیان كە لە سێ گەریلا پێكهاتووە ڕۆژی 14ی ئەم مانگە چووەتە كەمپی پێشمەرگەكانی پارتی‌و پێیان گوتوون مانەوەیان لەوێ دروست نییە و داوایانكردووە كە ئەوێ بەجێی بهێڵن.

"گەریلاكان گەڕانەوەو لە شوێنێكی نزیك كامپی پێشمەرگەكانی پارتی جێگیر بوون، ڕۆژێك دوای ئەوە فڕۆكە جەنگییەكان شوێنەكەیان بۆردوومان كرد، لەو هێرشەدا هەر سێ گەریلاكەمان شەهید بوون، ئەو هێرشە لە ئەنجامی پێدانی زانیاری پێكهات، ئەو شوێنەی كرایە ئامانج، نە شوێنی مانەوەی لێیە نە سەنگەر، بۆیە ئاشكرا دەبێت كە زانیاریی شوێنی گەریلاكان لە ڕەبایەكەی پارتییەوە دراوە".

كەجەكە كە چەتری كۆكەرەوەی ڕێكخراوەكانی سەربە پەكەكەیەو هێزەكانی پاراستنی گەل(هەپەگە) باڵی سەربازییەتی، پێیوایە توركیا پلانی داگیركردنی قەندیلی هەیەو لەو چوارچێوەیەدا پارتی دەیەوێت لە زینی وەرتێ جێگیر ببێت، "ئەگەر پلانێك بۆ داگیركردن و گەمارۆدانی قەندیل نەبوایە، پارتی هەنگاوی بۆ جێگربوون لە وەرتێ نەدەنا، تێگەیشتن ئەوەیە كە لە شەڕ و ئاڵۆزیی دژی گەریلادا، پارتی پشتی دەوڵەتی تورك دەگرێت، هێرش بۆسەر گروپێكی بچووكی گەریلا دوای گەڕانەوەیان لە كامپەكەی پارتی ئەمە دەخاتە بەرچاو".

كەجەكە دەشڵێت، بوونی پارتی لە زینی وەرتێ قبوڵنەكراوەو داوای كشانەوەی دەكات لەو ناوچەیەو ئەو هەنگاوە بە بەرژەوەندیی كورد لە قەڵەم دەدات، "پارتی بە جێگیربوونی لەوێ فشار دەخاتە سەر گەریلا كە لەوێ نەمینێت، ئاشكرایە كە ئەمە داخوازیی دەوڵەتی توركە، ڕاستی ئەمەیە كە پارتی بە جێگیربوونی لە وەرتێ، دژی گەریلا شەڕی ڕاگەیاندووە، سێ گەریلا كە چووبوون بە پێشمەرگەكانی پارتی بڵێن: جێگیربوونیان لە وەرتێ دروست نییە، بوونە ئامانجی فڕۆكە جەنگییەكانی تورك، ئەم هێرشەش ئەمە ئاشكرا دەكات".

ئەو بارەگایەی گەریلاكانی پەكەكە كە لە زینی وەرتێ بۆردومان كرا، لە نێوان دوو بارەگای پێشمەرگەدایە كە یەكێكیان سەربە وەزارەیت پێشمەرگەو ئەوەی دیكەیان هێزی 70ی یەكێـییەو چەند سەد مەترێك لەیەكەوە دوورن.

مەسرور بارزانی دەڵێت تاقمێك لە حكومەت یاخیی بوون

هەرلەسەر ئەو دۆخە نوێیەی لە زینی وەرتێ هاتووەتە ئاراوە، مەسرور بارزانی ئەمڕۆ پەیامێكی بڵاوكردەوەو ڕایدەگەیەنێت، بێجگە لە هێزی پێشمەرگەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، هیچ هێزێكی حیزبیی دیكە لە زینی وەرتێ جێگیر نەكراوە‌و داوا لە حیزبەكان دەكات، پشتیوانی هەوڵەكانی حكومەت بن بۆ جێبەجێكردنی یاسا و نەهێشتنی دەسەڵاتی نابەرپرس و گرووپە چەكدارەكانی ژێر دەسەڵاتی شەخسی.

"باسكردنی دوو ئیدارەیی و تۆمەتباركردنی یەكتری، خزمەت بەو بارودۆخە ناكات، ئەمەی ئێستا ڕوودەدات یاخیبوونی تاقمێكی دیاریكراوە بەرامبەر بە حكومەت، نەك ململانێی حیزبی" سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە پەیامێكدا وادەڵێت.

مەسرور بارزانی دەشڵێت "بە هیچ شێوەیەك رێگە نادەین لە هەرێمی كوردستاندا چەندین حوكومڕانیی جیاواز لە دەرەوەی یاسا سەر هەڵبدەن و رێگری لە جێبەجێكردنی رێنماییەكانی حكومەت بكەن".

سەرۆكی حكومەت ئەوەش دەخاتە ڕوو، ناردنی هێز بۆ زینی وەرتێ لە چوارچێوەی ڕێكارەكانی ڕوبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنادا بووە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئەو ناوچەیە، دەڵێت "بۆ رێگریكردن لە سەرپێچییەكان، وەك زۆرێك لە ناوچە سنوورییەكانی دیكە، وەزارەتی پێشمەرگە هێزێكی یەكگرتوو و هاوبەشی بۆ زینی وەرتێ ڕەوانە كرد، بەڵام بەداخەوە لە كاتێكدا چاوەڕوانی پاڵپشتیی هەموو لایەنەكان لە حكومەت بووین، تاقمێكی دیاریكراو بە مەبەست و بە نەفەسی حیزبیانە، هێزی حیزبییان بەرامبەر بە هێزی حكومەت جووڵاند و بە ئاشكرا دژی حكومەت وەستانەوە، بە بیانووی ئەوەی كە گوایە ئەم سنوورە هی حیزبێكی دیاریكراوە و حكومەتی هەرێم ناتوانێت هێزە هاوبەشەكانی تێدا جێگیر بكات و بۆ ئەم مەبەستەش كەوتوونەتە تۆمەت هەڵبەستن وتێكەڵكردنی بابەتی نابەجێ و ناپەیوەندیدار.".

یەكێتی داوای دەستێوەردانی سەرۆكی هەرێم دەكات

مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەبارەی ئاڵۆزییە نوێیەكان‌و دۆخی زینی وەرتێ كۆبوونەوەیەكی ئەنجامداو هەڵوێستی فەرمیی حیزبەكەی لە ڕاگەیەندراوێكدا خستە ڕوو كە تێیدا داوا لەسەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكات وەك فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، بەپەلە فەرمانی كشاندنەوەی گشت هێزەكان بدات و ئاسایشی ناوچەكە بە هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ بسپێرێت.

یەكێتی باسلەوە دەكات، ئاراستەیەك لە ناو پارتی دیموكراتی كوردستان "بە مەرامی جیاجیاو بەرنامە بۆ داڕێژراو هێرشی ناڕەوا دەكەنە سەر یەكێتیی و سەركردایەتییە نوێكەی كە چەندین جاریشە دووبارە دەبێتەوە"، جوڵاندنی هێزێكی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ زینی وەرتێ دەخاتە هەمان چوارچێوەوە.

مەكتەبی سیاسی یەكێتی داوا لە پەكەكەش دەكات كە بۆ ئارامیی ناوچەكەو پاراستنی سەرو ماڵی خەڵك و بیانوو نەدان بەدەستەوە، هێزەكانیان لەناوچەكە بەدوور بگرن.

"لێرەشەوە رایدەگەیەنین سەركردایەتی نوێی (ی.ن.ك) لەگەڵ هیچ جۆرە تەصعیدێكی سەربازی و ئیعلامی نین و لەبەر پاراستنی بەرژەوەندی خەڵكەكەمان، وەك هەمیشە، بەشێك دەبین لە چارەسەرو بەهیچ جۆرێك رێگە بە ئاراستەی ئاڵۆزكردنی بارودۆخەكە نادەین" ڕاگەیەندراوەكەی یەكێتی وادەڵێت.

پارتی: هێزە سەربازییەكان لە ژێر قەراری حیزب و باڵی ناو ئەحیزاب بێنەدەر

مەكتەبی سیاسی پارتی ڕەتیدەكاتەوە هێزی حیزبەكەی برابێت بۆ زینی وەرتێ‌و ئەوە دەخاتە ڕوو، ئە‌و هێزانە سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەن‌و هیچ پەیوەندییان بە پارتییەوە نییە، "لە گرژییەكانی ئەم دواییەی زینی وەرتێ پارتی بە هیچ شێوەیەك تەرەف نییە و ناوهێنانی پارتی لەم ڕووداوانەدا بە هەموو شێوەیەك ڕەت دەكەینەوە".

لە ڕاگەیەندراوێكدا مەكتەبی سیاسی پارتی دەڵێت "جێگەی داخە كە كەسانێك لەناو یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان لە هەوڵی بەردەوام دان كە ئەم بابەتە و زۆر بابەتی تر بە حزبی بكەن و بمانگەڕێننەوە سەردەمی پێشوو".

پارتی، بوونی هێزەكانی پەكەكە لە ناوچەكە بە جێگەی پرسیار دادەنێت‌و دەشڵێت "جەخت لەوە دەكەینەوە كە پێویستە هێزە سەربازییەكانی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەیەكی نیشتیمانیدا لە خزمەتی بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستاندا بن و لە ژێر قەراری حزب و باڵی ناو ئەحزاب بێنەدەر".