پەرەگراف
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی و یەکێتی دەربارەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دواخرا بۆ ڕۆژی دووشەممەی داھاتوو.
میدیای پارتی دەڵێت دواخستنەکە لەسەر داوای یەکێتی بووە، کەناڵی كوردستایش دەڵێت بەھۆی تێکچوونی تەندروستیی ئەندامێکی وەفدەکەوە بووە، بەبێ ئەوەی زانیاریی زیاتر ئاشکرا بکات.
ھەرلەسەر پرسی ھەڵبژاردن و ماف و بەرکەوتەی پێکھاتەکان کە خاڵێکی سەرەکیی ناکۆکیی نێوان پارتی و حیزبەکانی دیکەیە، ئەمڕۆ شاندی پارتی سەردانی حیزبە توركمانی و مەسیحییەکان دەكات.
ھەفتەی ڕابردوو دەزگاكانی هەڵبژاردنی پارتی و یەكێتی لەسەر ژمارەیەك خاڵ بۆ هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن گەیشتنە ڕێككەوتنی سەرەتایی و كورسیی كۆتاكان وەک خاڵی سەرەكیی ناكۆكیی نێوانیان مایەوە، بڕیاریش بوو بۆ "پرس و ڕاوێژ" بە هاوبەشی سەردانیلایەنەكانی دیكە بکەن.
هەردوو لا ڕێككەوتن كە؛ هەرێمی كوردستان بكرێت بە چوار بازنەی هەڵبژاردن، هەڵبژاردن نیوە بە لیستی كراوە و نیوە بە لیستی داخراوبێت، ژمارەی كورسیی بازنەكان لەسەر بنەمای ئاماری وەزارەتی بازرگانیی عێراق بێت، هەماهەنگی لەگەڵ كۆمیسیۆنی عێراق بۆ سوود وەرگرتن لە لیستی دەنگدەرانی عێراق بكرێت.
سەرجەم لایەنەکان لە ڕاگەیاندن و بەیاننامەکانیاندا سوورن لەسەرئەوەی ئەمساڵ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت، بەڵام ھێشتا ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر نەکراوەو سەرۆکی ھەرێم ڕۆژی ھەڵبژاردنی دیاری نەکردووە.