ئینستتیوتی پەی: دەبوو پەرلەمان لە خولی پایزەدا 51 دانیشتنی ئەنجام بدایە، بەڵام تەنیا 15 جار كۆبووەتەوە

04-03-2023 03:38
دانیشتنی كردنه‌وه‌ی خولی به‌هاره‌ له‌ ساڵی پێنجه‌می خولی پێنجه‌م - ٢٠٢٣/٣/١. فۆتۆ: ماڵپەڕى پەرلەمانى کوردستان

پەرەگراف

ئینستتیوتی پەی ڕاپۆرتی خۆی دەربارەی چاودێری و هەڵسەنگاندنی كارەكانی پەرلەمانی كوردستان لە خولی پایزەدا بڵاو كردەوە. بەپێی ڕاپۆرتەكە "وەكو سەرۆكی پەرلەمان بەڵێنی دابوو، دەبوو پەرلەمان ٥١ دانیشتنی ئەنجام بدایە، بەڵام تەنیا ١٥ جار كۆبووەتەوە". دەشڵێت "بەپێی پێوەری یەكێتیی پەرلەمانەكانی جیهان (ئای پی یوو)، پەرلەمانی كوردستان لە ئاستێكی لاوازدایە".

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕاپۆرتەكەی خستە ڕوو، كە تێیدا هاتووە "پەرلەمانی كوردستان لە زیاتر لە چوار ساڵی كاركردنی، لە ٦-١١-٢٠١٨ تا ٢٨-٢-٢٠٢٣، تەنیا ١١٤ دانیشتنی ئەنجام داوە، لەكاتێكدا بەپێی پەیڕەو دەبوو بەلای كەمەوە ٣٣١ كۆبوونەوەی ئەنجام بدایە".

ڕێكخراوەكە ڕەخنەی لە پەرلەمان گرتووە كە لە ٣١ ساڵ و پێنج خولی تەمەنیدا، "خول لەدوای خول ڕێژی بەشداریی دەنگدەران كەمی كردووە و هیچ كام لە خولەكان بەپێی یاسا بەڕێوە نەچوون، لە كاتی خۆیدا هەڵبژاردنیان ئەنجام نەداوە و لە بواری یاساداناندا لە پاشەكشەدا و چاودێریی لاوازە. ساڵانێكە یاسای بوودجە نییە و هیچ لێپێچینەوەیەكی لە دەسەڵاتی جێبەجێكردن نەكردووە".

ئینستتیوتی پەی كە بە هاوكاریی ڕێكخراوی (ئێن ئی دی)ی ئەمریكی چاودێریی كارەكانی پەرلەمانی كوردستان دەكات، دەڵێت "هەر لە خولی پایزەدا، لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمان وەكوو پێویست كاریان نەكردووە، بەپێی پەیڕەو پەیوەست نەبوون بە نووسینی ڕاپۆرت لەسەر پرۆژەكان و وادەی كۆبوونەوەكانەوە، هەروەها ئەركی چاودێریكردنی جێبەجێكردنی یاساكانیان بەجێ‌ نەگەیاندووە".

هەروەها ئاماژەی بەوە كردووە كە "وەڵامنەدانەوەی پرسیاری پەرلەمانتاران لەلایەن حكومەتەوە بووەتە نەریت و ئەندامان بەردەوام ناڕەزایی دەردەبڕن. لە ١٥ دانیشتنی پەرلەمانیشدا تەنیا چوار ئەندامی ئەنجوومەنی وەزیران ئامادە بوون، ئەویش لە كاتی پەسەندكردنی یاساكادندا بووە، نەك بەمەبەستی بەدواداچوون و لێپرسینەوە".

وەكوو ڕاپۆرتەكە خستویەتیە ڕوو، حكومەتی هەرێم "١٠ ساڵە پرۆژەیاسای بوودجەی نەناردووەتە پەرلەمان، ١٢ ساڵیشە ژمێرەی كۆتایی و بەیانی دارایی نەخستووەتە بەردەم پەرلەمان".

بەپێی هەڵسەنگاندنەكانی ڕاپۆرتەكەی پەی، پەرلەمان لە خولی پایزەدا "نەیتواتیوە بە باشی بە ئەركی یاسادانان هەستێت و تەنیا شەش یاسای دەركردووە كە پێنجیان هێشتا لە ڕۆژنامەی وەقایعدا بڵاو نەكراونەتەوە. زۆرینەی یاسا دەركراوەكانیش لە ڕووی شكڵی و بابەتییەوە كێشیان هەبووە و كوالێتییان وەكو پێویست نییە".

"بەرنامەی كاری دانیشتنەكانی پەرلەمان لەگەڵ خواستە هەنووكەییەكانی خەڵك یەك ناگرێتەوە، بۆیە بەردەوام ناڕەزایەتی لەلایەن ئەندامانی ئۆپۆسیۆنەوە هەبووە و پشێوی دروست بووە"، پەی وا دەڵێت.

وەكوو لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، لە خولی پایزەدا "١٠ پەرلەمانتار ماوەی شەش مانگ هیچ قسەیەكیان نەكردووە و هیچ بەشدارییەكیان نەبووە. ژمارەیەك ئەندامیش زۆرترین ئامادەنەبوونیان هەیە لە دانیشتنی پەرلەمان و كۆبوونەوەی لیژنەكاندا، پەرلەمانتار هەیە لە تەواوی خولەكەدا دەوامی نەكردووە، كەچی بە غیاب ئەژمار نەكراوە".

"پەرلەمانی كوردستان لە خولی پایزەدا كەمترین دانیشتنی ئەنجام داوە، سەرباری ئەوەی تەمەنی خۆیشی درێژ كردووەتەوە، نەیتوانیوە ئامادەكاری بكات لەو ئەركەی كە دەكەوێتە سەر شانی تا هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت".

ئینستتیوتی پەی كە تا ئێستا ٢٤ ڕاپۆرتی لەبارەی چاودێری و هەڵسەنگاندنی كارەكانی پەرلەمانەوە بڵاو كردووەتەوە، دەڵێت "پەرلەمان كە بەرزترین دەسەڵاتی یاسایی و ئامرازی چاودێریكرنی دەسەڵاتی جێبەجێكردنە و دەبێت بۆ پرسە چارەنووسسازەكان بۆی بگەڕێینەوە، بەداخەوە داتاكانی بەرنامەی كار و بەڕێوەچوونی دانیشتنەكانی و هەڵوێستەكانی، پێمان دەڵێن كە نەیتوانیوە لە ئاست ئەركی یاسایی دەزگاكە و ئەركە مۆراڵییەكانی ئەندامانیدا بێت".

"پەرلەمان دوای چوار مانگ لە درێژكردنەوەی تەمەنی خۆی، نە یاسای هەڵبژاردنی هەموار كردووەتەوە، نە كۆمیسیۆنی كارا كردووەتەوە، نە تۆماری دەنگدەرانی پاك كردووەتەوە و نە هیچ كام لە ڕێكارەكانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن گیراونەتە بەر"، پەی لە ڕاپۆرتەكەیدا وا دەڵێت.